لە چەمچەماڵ رۆژانە دەست دەگیرێت بەسەر 216 کیلۆ شتومەکی بەسەرچوو

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

لیژنەکانی قایمقامیەتی چەمچەماڵ لە ماوەی یەک مانگدا دەستیان بەسەر شەش تۆن و نیو شتومەک و خۆراکی ماوە بەسەرچوودا گرتووە، بەرپرسی چاودێری تەندروستی وا دەڵێت.

ئەوە بە رێژەی ناوەندیی، دەکاتە 216 کیلۆ بۆ هەر رۆژێک.

شاخەوان هادی، بەرپرسی چاودێریی تەندروستی چەمچەماڵ بە 964+ی وت، ئەمڕۆ بنکەی تەندروستی خۆپارێزی و سەرۆکایەتی شارەوانی قەزاکە بڕی شەش تۆن و نیو شتومەک و خۆراکی ماوە بەسەرچوویان لەناوبرد کە لە ماوەی یەک مانگدا دەستیان بەسەردا گیرابوو.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢١٢ شوێن لە چەمچەماڵ بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و فرۆشتنی کەلوپەل و خواردنی خراپبوو سزادراون و داخراون.

زۆرترین بڕی خواردنی خراپبوو کە ئەمساڵ لە چەمچەماڵ دەستی بەسەردا گیراوە، پێنج تۆن خورما بوو کە لە رۆژی ١٢ی مانگی تشرینی یەکەمی 2022 لەناوبرا.

ئەو کاتە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕی پێنج تۆن خورمای نەشیاو لەناو دوو ئۆتۆمبێل، کە خاوەنەکانیان بەنیازبوون ساغی بکەنەوە، دەستیبەسەردا گیرا و لەناوبرا.