مەفرەزەیەکی پۆلیسی راپەڕین دەردەکەوێت وێنە:پۆلیسی راپەڕین.
لە رانیە باوکێک سکاڵای گیان لەدەستدانی کچەکەی دەکات
ئەحمەد مستەفا
لە بنکەی پۆلیسی کێوەڕەشی رانیە، بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی دکتۆرێکی تایبەت بە نەخۆشیەکانی مێشک و دەمار، باوکێک سکاڵای لەدژی گیان لەدەستدانی کچەکەی تۆمارکرد.
سکاڵاکە لە دژی پزیشکێکی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی رانیە، لە رۆژی 21.9.2023 تۆمارکراوە.
وەک پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردۆتەوە، چیرۆکەکە بەم شێوەیە بووە، “کاتێک کچەکەی پێشتر کێشەی خوێنبەربوونی مێشکی هەبووە و نەخۆشی تایبەتی دکتۆرەکە بووە، دوای ئەوەی لە بەرواری 17.9.2023 دووبارە توشی خوێنبەربوونی مێشکی بووە، باوکەکە کچەکەی گەیاندووە بە نەخۆشخانە، وە هەمان دکتۆر خەفەر بووە لە نەخۆشخانە، بەڵام لەوکاتەدا دکتۆرەکە نەهاتووە بۆ لای کچەکەی تەنیا لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دکتۆرەکە وەڵامی کەسوکاری نەخۆشەکەی داوەتەوە کە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی هەولێر بکرێت”.
باوکی کچەکە لەلای پۆلیس وتویەتی، “لەکاتی رەوانەکردنی کچەکەی بۆ هەولێر، لەوکاتەدا هیچ کارمەندێکی تەندروستی یاوەری نەبووە. لە ئەنجامدا لەڕێگادا بۆ هەولێر ئۆکسجینی کەمبووەتەوە تا گەیشتوونە نەخۆشخانە لە هەولێر پێی وتراوە کچەکەی گیانی لەدەستداوە”.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە، بڕیاری دادوەر بەدەستهات، وە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە”.