کوردێک بووه‌ ئەندامى سەندیکاى مامۆستایانى وڵاتە عەرەبییەکان

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان خۆشحاڵه‌ كه‌ ئه‌ندامێكی سكرتاریه‌تیان بووەتە ئەندامى سەندیکاى مامۆستایانى وڵاتە عەرەبییەکان، ده‌ڵێ “بەو هۆیەوە دەتوانین زیاتر تێكه‌ڵى گۆڕانکارییه‌كانی سه‌رده‌م بین بۆ پڕۆسەى پەروەردە و خوێندن لەسەر ئاستى جیهاندا”.

مامۆستا ئه‌حمه‌د سابير گه‌رمیانى، سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان، به‌ +964 ی راگه‌یاند، “ئه‌مساڵیش به‌شدارى شه‌شه‌مین كۆنگره‌ى سه‌ندیكاى مامۆستایانى وڵاتانى عه‌ره‌بیمان كرد كه‌ له‌ژێر ناوى گۆڕانكاری له‌ سه‌ندیكاكان گۆڕانكارییه‌ له‌ په‌روه‌رده‌، كاره‌كانى له‌ وڵاتى ئوردن به‌ڕێوه‌چوو”.

له‌ ساڵى 2007ەوە، یه‌كێتی مامۆستایان ساڵانه‌ به‌شدارى له‌‌ كۆنگره هه‌رێمیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى تایبه‌ت به‌ رێكخراو و سه‌ندیكاكانى مامۆستایان ده‌كات.

ناوبراو ده‌ڵێ “رێكخراوى په‌روه‌رده‌ى نێوده‌وڵه‌تى ، فراكسیۆنێكی گه‌وره‌یه‌ و نوێنه‌رایه‌تى سێ ملیۆن مامۆستا ده‌كات له‌ 170 وڵات و 401 رێكخراو ئه‌ندامن تیایدا و‌ دابه‌ش بووه‌ بەسەر ناوچه‌كان، ئێمه‌ش له‌ ناوچه‌ى عه‌ره‌بی ئه‌ندامى ئه‌ندامى ئه‌و رێكخراوه‌ین، تا ئێستا شه‌شه‌مین كۆنگره‌ى كردووه‌، له‌ هه‌موویان به‌شدار بووین”.

له‌ كۆنگره‌ى ئه‌مجاره‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا و ئه‌ندامێكی سكرتاریه‌تى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان كورسییه‌كى به‌ده‌ستهێنا و بووه‌‌ ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نى ته‌نفیزى سه‌ندیكاى مامۆستایانى وڵاتانى عه‌ره‌بی.

مامۆستا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى له‌وباره‌وه‌ وتى، “ئه‌و ئه‌ندامه‌ ده‌رچووه‌ى یه‌كێتییه‌كه‌مان ناوى مامۆستا حه‌سیبه‌ مسته‌فا جه‌میله‌، ده‌بێ به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندی دابێت له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه‌ و كارده‌كات بۆ ئاڵوگۆڕى په‌یوه‌ندیه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌، ساڵانه‌ و شه‌ش مانگ جارێك و سێ مانگیش جارێك ئه‌و ئه‌ندامانه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌و له‌ وڵاتێكن، كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن” .

وه‌ك ناوبراو باسیده‌كات، ئه‌وان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سه‌ندیكاى مامۆستایانى عێراقی زۆر باشه‌ و له‌ زۆر بواریشدا هه‌ماهه‌نگی یه‌كترن، وتیشی “به‌هۆى ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ى هه‌مانه‌ توانیمان هه‌ریه‌كه‌ و كورسییه‌ك له‌و سه‌ندیكایه‌ مسۆگه‌ر بكه‌ین “