مووسا عهنتهر 52 ساڵ لهمهوبهر چی به دادوهره توركهكه وت ؟
964+
ژووری هەواڵ
مووسا عەنتەر، یان ئاپێ مووسا، سیاسەتمەدار، نووسەر، رۆژنامەنووس و داینهمۆى بهرهوپێشبردنى رهوتى رۆژنامەگەریی نوێی کوردیی لە باکوری کوردستان، 31 ساڵ بهر له ئهمڕۆ ماڵئاوایی یهكجارى كرد.
لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە نووسین بە زمانى کوردی و لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێش چهند کۆمەڵە و رێکخراوێكی جیاجیاى دامەزراند و دەستی بە بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی دیجلە کرد، لهبهرامبهر ئهو جموجۆڵانهیدا بۆ یەکەمجار دەستگیر دهکرێت و لهماوهى شەش مانگ زیندانیكردندا یەکەم پەرتووکی خۆی بە ناوی (برینی ڕەش) نووسی، هەمانكات بناغەی فەرهەنگێکی کوردیی دانا، کە لە شەش هەزار وشە پێکدێت.
لە یەکێک لە دادگاییەکانی مووسا عەنتەردا، دادوەر زۆر گوشار بۆ مووسا عەنتەر دەهێنێت و دەیەوێت پێی بسەلمێنێت، کە ئەو کەوتووەتە هەڵەوە و باشترە لە تێڕوانینەکانی لەسەر کورد و تورکیا پەشیمان ببێتەوە، دەڵێت: مووسا بەگ تۆ سواری گای هار بوویت!
مووسا عهنتهر روودەکاتە دادوەرەکە و پێیدەڵێت: قوربان ئەو تورکیایەی تۆ باسی دەکەیت وەک منداڵێکی ئیفلیجە، کە چاوی نابینێت، نابیستێت و ناتوانێت قسە بکات، هەرچی نەخۆشی هەیە تێیدایە، چارەسەری نییە، وەرن با تورکیایەکی نوێ بنیات بنێین کە هەموومان تێیدا مرۆڤ بین، بەڵام هەر کەسەمان وەک خۆی تێیدا مرۆڤ بێت، من وەک کورد و تۆیش وەک تورک.
ئەوەی نامۆ بوو دەوڵەت لە دەنگی فیکەکەی ئاپێ مووسا دەترسا و تەنانەت جارێکیش بە تۆمەتی “فیکەلێدان بە کوردی” دەستگیر دەکرێت و دەبرێتە دادگا.
ساڵی 1992 لهو هەڵمەته مەترسیدارهی كه توركیا بەرامبەر نووسەر و کەسایەتییە دیارەکانی کورد لە باکووری کوردستان دەستپێکرد، لهو 17 هەزار کەسایەتییهى کورد كه ژمارهیهكیان كوژران و ئهوانی دیكهش بێسىهروشوێن كران، مووسا عهنتهر یەکێک بوو لهوان.
تا ساڵى پاریش دۆسییەی گیان لهدهستدانى مووسا عهنتهر لە دادگاکانی دەوڵەتی تورکیادا بە کراوەیی مابووەوە، بەڵام لە رۆژی 21ـی ئەیلوولی 2022 و لە 12مین دانیشتنی دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا، بە پاساوی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر دۆسییەکەیدا دەستەی دادوەران لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و داخستنی دۆسیەکەیان دا.