ئەمڕۆ لە هەولێر چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت
964+
ژووری هەواڵ
هەردوو یانەی قوە جەویەی عێراقی و سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی لە گەڕی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن.
یارییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری تایبەت بە یانەی هەولێر بە سیستمی ڤارەوە بەڕێوەدەچێت.
هەردوو یانە پێش دەستپێکردنی یارییەکە کۆنگرەی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا، ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەری قوە جەویە رایگەیاند، تیپەکەیان ئامادەنییە بە تەواوی، لە بەرامبەردا یانە ئێرانییەکە زۆر باش ئامادەیە و کەمپی مەشق و راهێنانیشی لە رووسیا بە باشی کۆتایی پێهێناوە.
وتیشی، درەنگ گەیشتنەوەی یاریزانە پیشەگەرەکان کێشەی بۆ درووستکردوون و کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات، ئەوان کار دەکەن بۆ ئەوەی یاریگە بقۆزنەوە و یارییەکە ببەنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت لە سەرەتاوە ئەنجامی باشیان هەبێت، هەرچەندە پێکانی شەریف کازم گورزێکی کوشندەیە و هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە.
بۆ یارییەکەش بلیت نرخەکەی 10 هەزار دینارە و هاندەرانی یانەی هەولێریش وەک پاڵپشتییەک بۆ یانەی جەویە 100 بلیتیان کڕیوە و بە خۆڕایی بەسەر ئەو هاندەرانە دابەشی دەکەن کە لە بەغداوە بۆ بینینی یارییەکە دێنە هەولێر.