"20 کەسی دیکەش بە تۆمەتی تاڵانکردن"

کەسێک بە تۆمەتی کردنەوەی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا دەستگیرکرا

ژێوار خدر

دەسەڵاتدارانی کاڵیفۆرنیا تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە گومان دەکەن، پەیوەندی بە ئاگرکەوتنەوەی ناوچەی کینێثەوە هەیە لە لۆس ئەنجلۆس. کەسەکە پیاوێکی بێ ماڵ و حاڵ لە تەمەنی 30 ساڵیدایە.

بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، تۆمەتبارەکە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەی وێست هیڵزەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن بەشی پۆلیسی لۆس ئەنجلۆسەوە دەستگیرکرا، گومان دەکرێت بە ئەنقەست ئاگری کینێثی کردبێتەوە، کە بووە هۆی سووتانی  زیاتر لە 800 دۆنم زەوی و چۆڵکردنی ناوچەکانی وەک کاڵاباساس و هیدن هیڵز.

جگە لەوەش، هێزەکان 20 کەسیان دەستگیرکردووە بەهۆی تاڵانکردنی ئەو موڵکانەی کە بەهۆی ئاگرکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی دیکە، لەوانەش ئاگرکەوتنەوەکانی پالیسایدس و ئیتۆن بەردەوامە و دەسەڵاتداران پێشبینی ئەگەری جۆراوجۆر دەکەن،  کە لە پاڵ گۆڕانکاری کەشوهەوا و هۆکارە ژینگەییەکانەوە ئاگر کردنەوەی ئەنقەستیش یەکێکی دیکەیە لە ئەگەرەکان.

دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان.