لە دهۆك پاچە بازاڕی گەرمە

964+
هێڤی دێوالی – دهۆك

بەشێكی لە دانیشتووانی دهۆك بۆ خواردنی سەروپێ روو لە بازاڕ دەكەن و خاوەن سەروپێخانه‌یەكیش دەڵێت، مانگانە هەزار و ٨٠٠ كیلۆ سەروپێ ده‌فرۆشن.

 كاتێك تیمی 964 سه‌ردانی چێشتخانه‌یه‌كی سەروپێیان لە ناو بازاڕی دهۆكدا كرد، زیاتر لە ٥٠ كەس سەرقاڵی خواردن و كڕینی سەروپێ بوون.

ئاشتی عادل خاوەنی پاچەی ئەندەلوسە لە ناو بازاڕی دهۆك، قسەی بۆ 964+ كرد و دەڵێت، “٦٠ ساڵە من پاچە دەفرۆشم، پێشتر دووكانەكەم لە قه‌زای سێمێل بوو، ئێستا هێناومەتە دهۆك و رۆژانە ٦٠ كیلۆ سەروپێ ئامادە دەكەین و پێشكەشی كڕیارەكانمانی دەكەین”.

“یەك نەفەر پاچە، كە بریتییە لە قاپێك گۆشت و قاپێك ئاوی سەروپێ و ریخۆڵە و قاچ و چەند پارچە مۆخێكی ئاژەڵ، بۆ كریارەكان پێشكەش دەكەین بە ١٢ هەزار دینار و رۆژانەش لە سەرجەم شارەكانی كوردستانەوە سەردانمان دەكەن”، ئاشتی عادل وای وت.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964+ زیاتر هاوڵاتیانی بەتەمەن لە بەرەبەیاندا دەچن بۆ پاچە خواردن و بەشەویش زیاتر گەنجانه‌كان ده‌چن.

“ئێستە نرخی سەروپێ زۆر گران بووە، لە رابردوودا سەری گوێرەكەیەكمان دەكڕی بە ٤٠ هەزار دینار و ئێستا بە ٥٥ هەزار دیناره‌، بۆ یەك سەروپێی ته‌واو دەبێت ٩٠ هەزار دینار بدەین و ئەوەش نرخێكی زۆر زۆرە بۆ ئێمە”، ئه‌مه‌ قسه‌ی ئاشتی عادله‌.

لە نێو بازاڕی دهۆك تەنیا دوو دووكانی تایبەت بە فرۆشتنی سەروپێ هەیە، بەڵام سەرجەم چێشتخانه‌كانی دهۆك لە رۆژانی هەینیدا پاچەیان هه‌یه‌ و بە هەمان نرخ بە هاوڵاتیانی دەفرۆشن.