هەوای شاری هه‌ولێر مەترسیدارە

+964
فه‌همی نه‌بی – هەولێر

بە پێی خوێندنەوەکانی ئەپڵیکەیشنی AQ-AIR، رادەی پیسیی ژینگەی هەوای شاری هەولێر لە ئاستی مەترسیدایە، لە وەرزی هاوینیشدا دەگاتە سەروی ١٨٤ پلە، لە کاتێکدا رێژەی ئاسایی تا ٤٩ پلەیە.

چەند ساڵێکە رێژەی پیسیی ژینگەی هەوای شارەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە، لەکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە ١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بە پێی ئەپڵیکەیشنی AQ-AIR، رێژەی پیسی هەوای هەولێر ١١٩ پلەیە.

رەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی چاککردنی ژینگەی هەولێر بە 964+ی وت: “ئەم دوکەڵە، بەهۆی زۆریی مۆلیدەی گەڕەک و دامودەزگه‌ حکومییەکانەوه‌یه‌، هاوکات زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێڵ و کارگە و پاڵاوگە، هەوای سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستانی پیس کردووە، هیچ شوێنێک پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان نابن، نزیکەی سێ هەزار مۆلیدەی گەڕەک لە هەولێر هەیە”.

هاوکات لە بارەی دیاریکردنی جۆری ئەو گازە، وتەبێژی دەستەی چاککردنی ژینگە، وتی، “بەهۆی ئەوەی وێستگەی پێوانەکردنی گازمان نییە، نازانین چەند جۆری گاز لە ئاسمانی شارەکاندا هەیە، داوامان کردووە بۆمان دابین بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە دابین نه‌كراوه‌، بەڵام هەریەکە لە گازەکانی CO2,HO2,NO2 لە ژینگەی هەولێردا هەن، کە گازی ماترسیدارن”.

شوکور قەرەنی، پسپۆڕی ژینگە و مامۆستای زانکۆ، لە توێژینەوەیەکدا دەریخستوە، هەفتەی بەر لە بڕیاری کەرەنتین، لە ١ی ئاداری ٢٠٢٠، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری هەولێر، بە پێی چاودێریی پێگەی air.plumelabs ، رێژەی چڕی پیسیی هەولێر ٣٧٧ پلە بووە، بەڵام لە رۆژی ١٥ی ئادار، بەهۆی بڕیاری کەرەنتینی گشتی، رێژەی چڕی پیسی دابەزیوە و بووه‌تە ٤٢ پلە.

ماوەی چەند ساڵێکە تێبینیی هەبوونی چڕە دوکەڵێکی بەردەوام لەسەر ئاسمانی شاری هەولێردا دەکرێت.

لە نوێترین ئاماریشدا پێگەی U-EARTH ریزبەندی ١٠ لە پیسترین ژینگەی وڵاتانی بڵاوکردەوە، تێیدا عێراق لە پلەی نۆیەمدایه‌.