عێراق دەیەوێت سوود لە خۆر و با وەربگرێت
964+
ئەحمەد مستەفا
لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پرۆژە یاسایەک بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی نوێبووەوە دەکەن، ئەندامێکی لیژنەکە ئەوەی خستووەتەروو، “مەیلێك هەیە پەرلەمان لە کۆبوونەوەکانی داهاتوویدا پەسەندی بکات”.
کارەبای عێراق دڵی بەم هەنگاوە خۆشە، هەروەک لە راگەیەندراوێکدا وتی، “گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە ئەنجامداوە، کە ئەو گرێبەستانە، لە رێگەی بانکە نێودەوڵەتییەکانەوە پارەیان بۆ دابیندەکرێت و ئەوان هیچ بڕە پارەیەک نادەن”.
ئەمڕۆ هەینی، 15.9.2023، پەرلەمانتاری لیژنەکە، کامل ئەلئوگیلی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، “رێکارەکانی گواستنەوە بەرەو وزەی نوێبووەوە هێشتا لاوازن، بەڵام مەیلێک لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە بۆ پەسەندکردنی یاسای وزەی نوێبووەوە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا”.
150 ماڵی سلێمانی لە رێگەی وزەی خۆر کارەبایان دابین دەکەن
لە ئێستادا رەشنووسی یاساکە لەناو لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کامل ئەلئوگیلی دەڵێت، “وەزارەتی کارەبا لە خەمی کڕینی ئەو وزەیەدا کە لە رێگەی پڕۆژەکانەوە بەرهەمدێن، بودجەی ساڵی 2023 یەکێک لەو پڕۆژانە لەخۆدەگرێت بۆ دامەزراندنی قۆناغی یەکەم چاوەڕێی رەزامەندییەتی”.
وزەی نوێبووە چییە؟
وزەی نوێبووەوە، وزەی وەرگیراوە لە سەرچاوە سروشتییەکان کە بە رێژەیەکی زیاتر لەوەی بەکاردەهێنرێن پڕدەبنەوە و وەردەگیرێن، بۆ نموونە تیشکی خۆر و با سەرچاوەیەکی لەو جۆرەن کە بەردەوام پڕدەبنەوە.
لە بەرامبەردا سووتەمەنی بەردینی – خەڵوز، نەوت و گاز – سەرچاوەی نوێنەبووەوەن کە سەدان ملیۆن ساڵ دەخایەنێت تا دروست دەبن، سووتەمەنی بەردینی، کاتێک دەسووتێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزە، دەبێتە هۆی دەردانی گازی گەرمخانەیی زیانبەخش، وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.