هەنگەوانەکان بارانی بەهاری ئەمساڵ بە هۆکاری کەمیی هەنگوین دەزانن
964+
شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر
هەنگەوانەکان دەڵێن ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و زۆری رێژەی باران دابارین و درەنگهاتنی گەرما بەرهەمی هەنگوین باش نەبوو.
محەمەد سەعید، هەنگەوان بە 964ـی وت، لە وەرزی بەهاراندا هەنگ شیلەی گوڵ دەمژێت، بەڵام ئەمساڵ لە وەرزی بەهاردا باران زۆر بوو شیلە زۆر کەمبوو، ئەمەش گرفتی بۆ هەنگەکان دروستکرد، لە هەرێمی کوردستان ئەگەر گەرما زووتر دەستپێبکات، لە ناوەڕاستی مانگی پێنج تا مانگی حەوت هەنگوینی باش دروستدەبێت، بەڵام ئەمساڵ گەرما دواکەوت.
ئەو هەنگەوانە دەشڵێت، لە پارێزگای هەولێر، سەرەتا هەنگەکان دەبرێنە دەڤەرەکانی خۆشناوەتی و چەند ناوچەیەکی دیکە، دواتر دەبرێنە سیدەکانی دەڤەری برادۆست، چونکە کەش و هەوایەکی گونجاو و لەباری هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە وەرزی پاییز هەنگ دووچاری چەند نەخۆشییەک دەبێت لەوانە نەبوون و کەمیی هەڵاڵە، نەخۆشیی ڤاروا و هەبوونی زەردەواڵە، بەڵام هەنگەوانان دەڵێن، چارەسەری هەیە.
11 کیلۆ هەنگی سروشتی لە ناو داردا دۆزییەوە
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان بەڤ964ـی وت، لە سەرەتای وەرزی بەهاردا، هەنگ لە ئاستێکی باشدابوو، بەڵام دوای مانگی چوار چەند بارانێکی بەخووڕ هات، زیانێکی زۆری لە گوڵ و گوڵزار دا، هەنگی بەرەو پاشەکشە برد.
سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان ئەوەشی وت، لەگەڵ گواستنەوەی هەنگەکان بۆ کوێستانەکان، هەنگ جارێکی تر باشتر بوو، بەڵام هاتنی چەند رەشەبایەک و باو و تۆزێکی زۆر، زیانێکی زۆری پێگەیاند، بە گشتی ئەمساڵ هەنگوین باش نەبوو، بەرهەمی ئەمساڵ لە نێوان 350 بۆ 400 تۆندا بووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی