کۆمەڵێک سەربازی سوپای عێراق. وێنە:سۆشیال میدیا.
فەرماندەیەک: خۆبەخشەکانی سوپای عێراق 700 هەزار دینار وەردەگرن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
وەزارەتی بەرگری عێراق تا 21.9.2023، داواکاری بوون بە ئەندامی خۆبەخش لەناو هێزەکانی وەردەگرێت، فەرماندەیەکی سەربازی کە قسەی بۆ 964 کردووە وتی، “موچەی مانگانەیان 700هەزار دینارە”.
سبەینێ هەینی 15.9.2023 بۆ 21.9.2023، وەزارەتی بەرگری عێراق دەرگای دامەزراندن بەشێوەی خۆبەخش لە سوپای عێراق دەکاتەوە، جگە لە دانیشتوانی هەرێمی کودستان، خەڵکی ناوچەکانی عێراق و ناوچە ماددەی 140 دەگرێتەوە.
لینکەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک چالاک دەبێت، هەرکەسێک دەیەوێت پلەی سەرباز بەشێوەی خۆبەخش وەربگرێت و مەرجەکانی تێدا بێت دەتوانێت لینکەکە پڕبکاتەوە.
فەرماندەیەکی سەربازی لەناو سوپای عێراق کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت، ئەمرۆ پێنجشەممە 14.9.2023 قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “دامەزراندنەکە بەشێوەی خۆبەخشییە واتە، لەم قۆناغەدا نابنە هەمیشەیی، وە مانگانە بڕی 700هەزار دینار بۆ هەر سەربازێک خەرجدەکرێت”.
لەبارەی ماوەی پێشکەشکردن، ئەو فەرماندە سەربازییە وتی، “ماوەکە یەک هەفتە دەخایەنێت و لەو وادەیە زیاتر درێژناکرێتەوە”. بەگوێرەی چالاکبوونی لینکەکە بێت لە کاتژمێر 1:00ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەوی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
مەرجەکانی پێشکەشکردنی داواکاری:
1. پێویستە داواکار ڕەگەزنامەی عێراقی بێت.
2. تەمەنی داواکار نابێت لە (18) ساڵ کەمتر بێت و لە (25) ساڵ زیاتر نەبێت،
3-پێویستە داواکار ڕەوشت و ڕەفتاری باشی هەبێت.
4. پێویستە داواکار مەرجەکانی لەشجوانی و سەلامەتی تەندروستی بەدیبهێنێت.
5. بە تاوانی گەورە یان تاوانێکی بچووک کە بریتی بێت لە خراپەکاری ئەخلاقی، سزا نەدرابێت.
6. تاوانی تیرۆر، یان هەر تاوانێک کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەت هەیە، سزا نەدرابێت،
7. پێویستە داواکار بڕوانامەی قوتابخانەی سەرەتایی یان بڕوانامەی ناوەندی هەبێت.
دەتوانن لەرێگەی ئەم لینکەوە خۆتان تۆماربکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا