جەلادی هاوسەرەکان؛ ئەو ژنەی حەوت هاوسەری خۆی کوشتووە
964+
ژووری هەواڵ
میدیاکانی ئێران بە بێوەژنە رەشەکە ناوی دەبەن
ئەمە چیرۆکی کەلسومی 56 ساڵانە کە لە مازندەرانی ئێران ژیاوە و لە تەمەنی 11 ساڵیدا بۆ یەکەمجار بەشوو دراوە
لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا، ئەو بەرامبەر بە وەرگرتنی پارەیەکی خەیاڵی، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوی بەتەمەندا کردووە
بەشی زۆری هاوسەرگیرییەکان میسیار بوون و لە هەندێک لەو پیاوە بەتەمەنانەشدا زیاد لە 500 ملیۆن تمەنی وەرگرتووە
رۆژ دەهات و دەڕۆی کەلسومی 56 ساڵ بەردەوام بوو لە کارەکەی تا ئەو کاتەی پیاوێکی 82 ساڵ دەکوژێت
کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، رۆژێک هەواڵی مردنی پیاوێکی بەتەمەن بە خێزانەکەی دەگات، هەر زوو منداڵەکانی پەیوەندی بە پۆلیس دەکەن و دەڵێن گومانمان لە مردنی باوکمان هەیە
منداڵەکانی ئەو پیاوە بە پۆلیسیان وتووە، چەند رۆژێک پێش مردنی باوکمان تەلەفۆنی کردووە و وتوویەتی، کەلسوم بەزۆر حەبی دڵ و حەبی فشاری خوێنم دەرخوارد دەدات.
هەروەها ئەو پیاوە بەتەمەنە بە منداڵەکانی وتووە، هەرکاتێک شەربەتم دەداتێ ئیتر من لە هۆشی خۆم دەچم و کە هەڵدەستم نازانم چەنێکە ئاگام لە دنیا نەماوە.
پۆلیسی مازندەران هەر زوو دەکەوێتە خۆی و لێکۆڵینەوە دەکات
دەرکەوت کەلسوم پیاوە 82 ساڵەکەی کوشتووە بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەی
هەر ئەوەش نا، پۆلیس وتی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ژنە 56 ساڵانەکە بە مەبەست هاوسەرگیری مسیاری لەگەڵ پیاوە بەتەمەنەکاندا کردووە بۆ ئەوەی گومانی نەخرێتە سەر کاتێک دەیانکوژێت
بە گوێرەی زانیارییەکان کەلسووم تا ئێستا دانی بە کوشتنی حەوت لە هاوسەرەکانیدا ناوە و پۆلیس گومانی هەیە هێشتا ژمارەکە زیاتر بێت