هەژار ئیبراهیم چیرۆکی خزمەتکارە خۆبەخشەکە
31 ساڵە بە پاککردنەوەی مزگەوتەکانی سلێمانی بژێوی ژیانی دابین دەکات
دیلان محەمەد – سلێمانی
رۆژانە ئەم مزگەت و ئەو مزگەوتی سلێمانی دەکات، لەهەر شوێنێک پیسی پۆخڵییەک ببینێت بە دەستەکانی پاکی دەکاتەوە، ئەو گلەیی لە هاوڵاتیان دەکات کە وەکو پێویست پاکوخاوێنی مزگەوتەکان ناپارێزن.
چیرۆکی هەژار ئیبراهیم لە سلێمانی، وەکو خزمەتکارێکی خۆبەخشی مزگەوتەکان ناو و ناوبانگی دروستکردووە، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، ماوەی 31 ساڵە خەریکی ئەو کارەیە بە بێ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی وەکو پاککەرەوەیەکی مزگەوت دایبمەزرێنن.
هەژار، کرێچییە و خاوەنی چەند منداڵێکە بەڵام هیچ یەکێکیان نەگەیستوونەتە ئەو ئاستەی دەستباری باوکیان بکەن بۆ کارکردن و بەڕێوەچوونی ژیانیان، بەڵکو ئەوەی دابینکاری بژێوی ماڵەکەیەتی تەنیا خۆیەتی و دەڵێت “هیچ سەرچاوەیەکی داهاتم نییە جگە لەوەی جار جار هاوڵاتیانی مزگەوت هاوکاریم دەکەن ، ئەگەرنە بە عارەبانەکەم قوتو کۆدەکەمەوە”.
بەپێی ئەو قسانەی هەژار بۆ 964 کردوویەتی، لە سلێمانی مزگەوتێکی زۆر پیسن و هوکاری پیسبوونەکەش هاوڵاتیان و نوێژکارانن، داوایان لێدەکات مزگەوتەکان بە پاکوخاوێنی رابگرن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن