بکوژی گەنجەکەی خەبات دەستگیر کرا
+964
بکوژی گەنجەکەی قەزای خەبات کە لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لەبەردەم دوکانەکەی کوژرا، پۆلیس دەڵێ؛ خۆی رادەست کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ـی کانونی یەکەم، پۆلیسی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ؛ بکوژی گەنجەکەی قەزای خەبات خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
راگەیەنراوەکەی پۆلیسی هەولێر کە ئەمڕۆ بەیانی بڵاو کراوەتەوەو کۆپی دەست +964 کەوتووە، ئاماژە بە هەوڵەکانی پۆلیس دەکات بۆ دەستگیرکردنی بکوژ، دەڵێ؛ دوای بەدواداچوونێکی چڕ و وورد و چاودێریکردنێکی زۆر هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، کاتژمێر ١١:٣٠ـی شەوی رابردوو، تۆمەتبار (ک. ش. چ.) بکوژی (رێباز حەیدەر) و زامدار کردنی (فەرهاد احمد)، خۆی رادەستی هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرد.
+964 دەزانێت کە رووداوەکە لە کاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆی رۆژی شەممەی رابردوو ١٧ـی ئەم مانگە روویداوە، کاتێک بکوژ ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەم دوکانی رێباز حەیدەر رادەگرێت، ئەویش داوای لێدەکات کە لای ببات، بە قسەی پۆلیس دوای ئەوەی دەبێتە مشتومڕیان، (ک. ش. چ.) بە دەبانچە رێباز دەکوژێت و فەرهادی خاڵی رێبازیش زامدار دەکات و بەخۆشی رادەکات.
سێ رۆژ بەسەر رووداوەکە، بکوژ خۆی رادەستی پۆلیس دەکات، پۆلیسیش دەڵێ؛ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.