ساغکردنەوە.. راگرتنی پێدانی دۆلار تەنیا بڕیاری یەک بانک بووە

964+
عادل کانەبی

دوێنێ دووشەممە وا بڵاوکرایەوە کە بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دەرکردووە بە راگرتنی سەرجەم حەواڵەکانی دۆلار و هەر کەسێک دۆلاری لە بانک دانابێت ناتوانێت رایبکێشێتەوە، مەگەر تەنیا بە دیناری عێراقی نەبێت.

964 سۆراغی بابەتەکەی کرد و لەگەڵ چەند بانکێک قسەی کرد، ئەنجامەکە ئەوەیە، راگرتنی دۆلار تەنیا بڕیاری RT بانک بووە و بڕیاری بانکی ناوەندی نەبووە.

تەیسیر جەواد، بەڕێوەبەری لقی بانکی TBI لە هەولێر بە 964ـی وت، “هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پێمان نەگەیشتووە دەربارەی راگرتنی دۆلار، هەر کەسێک دۆلاری لای ئێمە دانابێت دەتوانن بە دۆلار وەریبگرێتەوە”.

وتیشی، لە دوێنێوە ئەوان هەر بەردەوام بوون لە پێدانی دۆلار بە هاوبەشەکانیان.

هاوکات، 964 زانیویەتی کە بانکی FIB بەهەمان شێوە پێدانی دۆلاری بە هاوبەشەکانی رانەگرتووە.

بەگوێرەی زانیاریەکانی 964، هۆکاری پێدانی پارە لەبری دۆلار لە RT بانک، بەهۆی نەمانی دۆلار بووە لەو بانکە، چەند جارێک لە هەوڵی ساغکردنەوەی ئەو زانیاریە بووین، بەڵام ئەو بانکە ئامادەنەبوو لێداوان لەو بارەیەوە بدات.

ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لەناو RT بانک بە 964ـی وت، “بڕیاری راگرتنەکە هی بانک بووە” بەڵام دانی بەوەدا نەنا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە رێنماییان بۆ چووبێت.

رۆژی دووشەممە، بانکەکە رایگەیاند، لەناو بانکیش دۆلار نادەن بە کەس، هەروەها هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار بۆ هاوبەشەکانیان دەگۆڕنەوە لە کاتێکدا لە بازاڕەکان بە سەروو 150 هەزار دینار بوو, ئەمڕۆ سێشەممە ئەو بانکە بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، ئێستا هاوبەشەکانیان دەتوانن دۆلار رابکێشن.

بەشداربووانی RT بانک بەبێ کێشە  دۆلار رادەکێشن

بەشداربووانی RT بانک بەبێ کێشە دۆلار رادەکێشن

964 سۆراغی کرد بۆ ئەوەی بزانێت ئایا بەڕاستی بانکی ناوەندی بڕیارێکی لەو جۆرەی دەرکردووە؟ لە هیچ شوێنێک بڕیار و نووسراوی لەو جۆرەی نەبینی، هەروەها لە هیچ میدیایەکی عێراقی ئاماژە بەو بابەتە نەکراوە و تەنانەت لە ماڵپەڕی فەڕمی بانکی ناوەندیی ئاماژە بەوە نەکراوە.

RT بانک بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە

RT بانک بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە