دوو ساڵ بوو پزیشکی قوڕگ و لوت و گوێی نەبوو
سێ پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی گشتی شارەزوور دەستبەکاربوون
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
دوو ساڵ بوو نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور بێ پزیشکی قوڕگ و لوت و گوێ بوو، لەم هەفتەیەدا سێ دکتۆری تایبەت و پسپۆڕ بەو نەخۆشیانە لە نەخۆشخانەکە دەستبەکار بوون.
د. شڤان کوردە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور بە 964ـی وت، “نزیکەی دوو ساڵە پزیشکی قوڕگ و لوت و گوێ لە نەخۆشخانەکەماندا نەبوو، لەگەڵ دەستبەکاربوونم وەک بەڕێوەبەر، هەوڵمداوە ئەو کێشەیە و سەرجەم ئەو کەموکوڕیانەی لەنەخۆشخانەکەدا هەیە، چارەسەریان بکەم”.
“ئەم هەفتەیە سێ دکتۆری قوڕگ و لوت و گوێمان بۆهاتووە، کە دوانیان پیاو و ئەوەی دیکەشیان ئافرەتە، هەوڵەکانیشمان بۆ هێنانی دکتۆری زیاتر بەردەوامە”، د. شڤان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکەیان پێویستی بە پزیشکی پسپۆڕ هەیە لە بوارەکانی هەناوی، ژنان و منداڵبوون، دکتۆری تایبەت بە منداڵان لە ژووری نەشتەرگەری لەگەڵ دکتۆری سۆنەری ئافرەت.
د. شڤان کوردە ئاشکراشیکرد، بڕیارە لەم مانگەدا ژمارەیەک پزیشک لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بەسەر نەخۆشخانە و بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان دابەش بکرێن و ئەوانیش هەوڵ دەدەن، ئەو پزیشکانەی پێویستیان پێیانە، وەربگرن و نایەڵن نەخۆشخانەکەیان کەمی دکتۆر و پزیشکی پسپۆڕی هەبێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری