بەنداوی دەربەندیخان رۆژانە 10 سانتیمەتر دادەبەزێت
964+
توانا نەقی
ئەم هاوینە و بە ئێستاشەوە، رۆژانە بەنداوی دەربەندیخان 10 سانتیمەتر ئاوەکەی بە بەردەوام دابەزیوە، بەڵام لەچاو پارساڵدا پاشەکەوتیان باشتر بووە.
بەنداوەکە ئەگەر بەراورد بکرێت بە هەمان رۆژی پارساڵ بۆ ئەمڕۆ 12 مەتر پاشەکەوتی ئاوی زیاترە هەرچەندە بەکارهێنانی زیاترە، بەڵام پاشەکەوتەکەیان باشە، ئەمە بەوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان.
سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە 964ـی وت، رۆژانە 10 سانتیمەتر ئاوی بەنداوەکە کەم دەکات، هیچ بەردانەوەیەکی ئاویشیان بە فیڕۆنەداوە و لە هەمووی کارەبا بەرهەم هێنراوە.
وتیشی، بە بەردەوامی 70 مێگاوات کارەبا لە بەنداوی دەربەندیخانەوە بەرهەمدەهێنرێت و ئاو بەفیڕۆ نادرێت.
ئێستا کێشەی بەنداوەکە ئەوەیە کە نزیکەی چوارساڵە وشکەساڵییە و هەروەها بەهۆی دروستکردنی بەنداو لە وڵاتی ئێران دەبێت تەنیا بەنداوی دەربەندیخان بەڕێژەیەکی زۆر پشت بە باراناو ببەستێت، سامان ئیسماعیل وای وت.
964 دەزانێت ساڵانە لەم کاتەدا کە وەرزی پایز و زستان و دابارین نزیک دەبێتەوە، لە بەنداوەکە دەستدەکرێت بە سیانە و چاکسازی کردن لە دەرگا و بەشە جیاوازەکانی بەنداوەکە بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین ئاو گلبدەنەوە.