دەرماڵەی سێ مانگی خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین دەدرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی دارایی هەرێم رەزامەندی داوە لەسەر دابینکردنی پارەی پێویست بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی سێ مانگی خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر.

ئەمڕۆ سێشەممە 12.9.2023، د.کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بە 964ـی راگەیاند، دوێنێ لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە و بەڵێنی پێداون کە پارە بۆ دەرماڵەی سێ مانگی خوێندکارانی زانکۆکە دابین بکات.

دەرماڵەکە هی سێ مانگی سەرەتای ساڵی رابردووە کە بە خوێندکاران نەدراوە.

“وەزیری دارایی دەستیکردووە بە رێکارەکان بۆ ئەوەی دەرماڵەی سێ مانگی خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین بە زووترین کات دابەشبکرێت”، د. کامەران یونس وای وت.

بڕی دەرماڵەکە نزیکەی 970 ملیۆن دینارە و نزیکەی 20 هەزار خوێندکار لە زانکۆی سەڵاحەدین سوودمەند دەبن.

ئەو خوێندکارانەی کە لە ناوەوەی شاری هەولێر دەخوێنن بڕی 40 هەزار دینار و ئەوانەشی لە دەرەوەی شار هاتوون بۆ خوێندن، بڕی 60 هەزار دیناری مانگانەیان پێدەدرێت.