دواى سه‌رى ساڵ نرخی كارتى ئینته‌رنێتیش كه‌مده‌كرێته‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

دوای دابەزاندنی نرخی کارتی مۆبایل، نرخى كارتى ئینتەرنێتیش كه‌مبكرێته‌وه‌. ئه‌ندامێكی لیژنه‌ى گواستنەوە و گەیاندنى پەرلەمانی عێراق دەڵێ؛ دواى سه‌رى ساڵ نرخی کارتی ئینتەرنێتیش دادەبەزێت.

دوای هەڵگرتنی رێژەی ٢٠٪ـی باجی حکومەت لەسەر هاوڵاتیان کە بووە هۆی دابەزینی نرخی کارتی پەیوەندیکردن، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقی رایگەیاند کە بڕیارەکە کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێتیش دەگرێتەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت نیگەران بوون لەو بڕیارە بەوەی کە ئەوان کارتی ئینتەرنێتیان گران نەکردووە تا هەرزانی بکەن.

كاروان عه‌لى یاروه‌یس، ئه‌ندامى لیژنه‌ى گواستنەوە و گەیاندنى پەرلەمانی عێراق، به‌ +964ـی راگه‌یاند؛ دوای سەری ساڵ، ئەوانیش دەبێت رێژەی ٢٠٪ـی نرخ هەرزان بکەن.

زیاتر وتی “كۆمپانیاكان رایانگه‌یاند كه‌ كاتى خۆى ئه‌وان باجی ٢٠٪ـیان نه‌خستۆته‌سه‌ر كارتى ئینته‌رنێت، بەڵام دەستەی پەیوەندییەکان لە راگه‌یەنراوێکی فەرمی رایگەیاند کە بڕیاره‌کە هه‌موو كۆمپانیاكان به‌بێ جیاوازى ده‌گرێته‌وه، بەوانەی ئینتەرنێتیش”.

لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق لە پشووی زستانە دایەو دوای ساڵی نوێ، وەرزی بەهارەی یاسادانان دەستپێ دەکاتەوە.

کاروان یاروەیس، دەڵێ؛ كه‌ پشووه‌كه‌مان كۆتایی هات به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌دواداچوونى وورد بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین و پشتیوانى ته‌واو له‌ بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق ده‌كه‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى كارته‌كانى ئینته‌رنێتیش به‌هه‌مان شێوه‌”.

لایه‌خۆشییه‌وه‌، زەهرا به‌جاری، سەرۆکى لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنى پەرلەمانی عێراق به‌ میدیا عێراقییه‌كانى راگه‌یاندوە، كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت پابەند نابن بە بڕیارەكەی وەزارەتی پەیوەندییەكان لەبارەى کەمکردنەوەى نرخى کارت، دەشڵێت “ئەو دەستەیە بەرپرسیارە لە جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی نرخی كارتی مانگانەی ئینتەرنێت و ئەگەر هەر کۆمپانیایەک سەرپێچی بڕیارەكە بکات، پێویستە سزا بدرێت”.

+964 بیرتان ده‌خاته‌وه‌ كه‌ لەمانگی تشرینی دووه‌مى ئه‌مساڵ، دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق باجی بەڕێژەى لە ٢٠% لەسەر كۆمپانییەكانی گەیاندن کەمکردەوە و دواتر بڕیاری كەمكردنەوەی نرخی كارتی ئینتەرنێت و موبایلیشی دا، بەڵام تاوەكو ئێستا بەشێكی زۆر لە كۆمپانییەكانی ئینتەرنێت پابەند نین بە بڕیارەكەوە و جێبەجێی ناكەن.