ناوى نۆژهنكردنهوهیان لێهێنا و 10 رۆژه به چاڵى جێهێڵدراوه
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
نۆژەنکردنەوەی جادەی گەڕەکی شقا ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوه و شارەوانیی زاخۆش بەڵێن دەدات چاكی بكاتهوه.
جادەی سێملکا بۆ شقا، گەورەترین و قەرەباڵغترین جادەیە لە زاخۆ، بە جۆرێک پەیمانگای زاخۆ، دادگا و بەڕێوەبەرایەتیی باج و فەرمانگەی کارەبا و یاریگەی زاخۆ و چەندین شوێنی گرنگى بهسەرەوهیه.
بەهۆی ئەوەی کەند و چاڵى بچووك و تاسەی زور لە جادەکە دروستببوو، شارەوانی بڕیاری نۆژەنکردنەوەکەی دا، بەڵام دوای 10 رۆژ لە هەڵکۆڵینی، جادەکە وهكخۆیهتى و چاكنهكراوتهوه، خەڵک گلەیی هەیه.
سەلاح ئەنوەر، میوەفروشە لەسەر جادە 20 مەترییەکەی شقا بە 964ـى وت، ئەم جادەیە لەبەر قەرەبالغییەکەى بهردهوام کێشەی هەبووه.
وتیشی “داوا دەکەم هەرچی زووە شارەوانی چارهسهرێكی بكات، چونكه ئێمە و شوفێران تووشی ئەزیەتێکی زۆر دەبین لەبەر قەرەباڵغییهكهى”.
نەوزاد حاجی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ بۆ 964ـى نهیشاردهوه، جادەکە تاسەی زۆر و کەند و چاڵی زۆرئ لێ دروستببوو، وتیشی “پێشتر بەڵێندەرێک پرۆژەکەى جێبەجێ کرد و ئێستاش ئەرکی خۆیەتی نۆژەنی بکاتەوە و بەڵێندەرەکە ئەمڕۆ جادەکە تەواو دەکات و چیتر شوفێران و خەڵک ئەزیەتی لێی نابینن”.
ئاماژهى بهوهش كرد، بەڵێندەرەکە لەسەر حسابی خۆی چاکی دەکات، چونکە دوای دروستکردنی جادەکە بە ماوەیەکی کەم وای لێهاتووە، بۆیە بەڵێن دەدەین تا سبەینێ جادەکە بەو شێوەیە نەمێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە خەڵکی زاخۆ بەردەوام گلەیی ئەوەیان هەیە، دروستکردنی پڕۆژەکان بە جۆرێك گیرودەبن تا بگاتە حاڵەتی دروستکردنی ئەزیەت بۆ خەڵک.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن