ئەمجارە مشکی تۆپیوو لە بۆری ئاو دەرچوو

964+
زەید کۆچەر- دهۆک

لە گەڕەکی چۆستەی ئاکرێ ئەمڕۆ دووبارە مشکێکی تەواو تۆپیوو و پارچەپارچەکراو لە ناو بۆڕی ئاوی ماڵان گیری خواردبوو، لەگەڵ دەردانی ئاو هاته‌ده‌ره‌وه‌، هاوڵاتییه‌كی گه‌ڕه‌كه‌ش ده‌ڵێت، منداڵه‌كانیان تووشی نه‌خۆشی هاتوون.

محه‌مه‌د زێباری، خەڵکی گەڕەکەکە بە 964ی وت، “ئاوی ئێمە ئیستا بووە بە شوێنی لاشەی ئاژەڵی مردوو، بڕوا بکەن منداڵەکانمان گشتییان رۆژانە دەڕشێنەوە و هەموو رۆژێک لە نەخۆشخانەین و نەماندەزانی هی ئەم ئاوەیە، لەوەتەی جرجی لێ دەرچووه‌، ئیمە ئاو لە دەرەوە دەکڕین، ترسمان هەیە ئەم ئاوە بخۆینه‌وه‌ و هه‌موومان تووشی شێرپەنجە بین”.

وتیشی، “داواکارین بۆ دواجار بەڕێوه‌بەرایەتیی ئاوی ئاکرێ بێتە سەر خەت و کێشەکەمان چارەسەر بکات”.

964 پەیوەندی بە بەڕێوه‌بەری ئاوی ئاکرێ زرار ئەحمەد كرد و ئه‌ویش بە 964ی وت، “لەو رۆژەی بۆ جاری یەکەم ئەم کێشەیە دروست بوو، ئێمە یەکسەر بەدواداچوونمان کرد، ئیستا تیمەکانمان لە ئیشکردنن لەم شوێنانەی کە شەبەکەی ئاون و گەڕەک گەڕەک ئێمە ئیستا لە هەوڵی خاوێنکردنەوەداین، بەڵام هەموو کەسێک دڵنیا دەکەمەوە ئەم جۆرە ئاژەڵانە لە رێگای ئەو ماڵانە و حەنەفی ته‌رككراوی ماڵەکانیان ده‌چنه‌ ناو بۆرییه‌كانه‌وه‌، چونکە ئەم گەڕەکە نزیکەی 30 ماڵی لێیه‌ و گەڕەکێکی کۆنە، زۆر ماڵ هەن کەسی تێدا نییە و لە بۆری ئەم ماڵانەوه‌ دەڕواتە ژوورەوە”.

“لە پلانماندایە ئێستا هەموو ماڵێكی تەرککراو بگەڕێین و حەنەفیەکانیان دابخه‌ین، به‌مه‌ کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر بکەین” زرار ئه‌حمه‌د وا ده‌ڵێت.
رۆژی 6.9.2023 لە گەڕەکێکی ئاکرێ جرجێک لە ناو بۆری ئاوی خواردنەوەی ماڵاندا بینراوە و ئاوەکەش ماوەیەکی زۆرە بۆ خواردنەوە بەکاردەهێندرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

جرج لە بۆری ئاوی خواردنەوەی ماڵانەوە دەرچوو

جرج لە بۆری ئاوی خواردنەوەی ماڵانەوە دەرچوو