هێنده‌ى نه‌ماوه‌ به‌بێ ترافیك لایت له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بچیته‌ زاخۆ

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كاركردن له‌ پرۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی ماڵتا به‌رده‌وامه‌ و به‌ ته‌واوبوونیشی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى ترافیك لایتێك بێته‌ به‌رده‌مت، ده‌گه‌یته‌ زاخۆ.

لە هەولێرەوە بۆ زاخۆ 209 کیلۆمەترە و کراوە بە دووساید، چەندین قەزا و ناحیەی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ڵام ته‌نیا سێ ترافیک لایتى له‌سه‌ر بوو، ئەوانیش ترافیکی شێخان لە مەفرەقی شێخان، ترافیکی ئێتیت لە دهۆک و ترافیکی بناڤی لە زاخۆ.

پڕۆژه‌ى ئۆڤەرپاسی ماڵتا، كه‌وتووه‌ته‌ سەر شەقامی بارزان لە پارێزگاى دهۆک و گوژمەی 13 ملیار و 145 ملیۆن دینارى لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی بۆ ته‌رخان كراوه‌.

زیاتر لە شەش هەزار مەتر خزمەتگوزاری شەقام و كاری جۆراوجۆر لەو قۆناغە لەخۆدەگرێت، ئێستاش كاری كۆنكرێتكردن و تۆڕی ئاو و كارەبا و دانانی دیواری پاڵپشت و چەند كارێكی دیکەی تێدا جێبەجێ دەكرێت.

ئێستا بە رێژەی 19% كارەكانی تەواو كراون.

ساڵى پار عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاندبوو، ترافیک لایتەکانی رێگای هەولێر تا دهۆک، هەڵدەگیردرێن، ئەمەش وەک کارئاسانییەک بۆ گەشتیارو رێبواران.

پێشتر 964 بڵاویكردبووه‌وه‌، به‌ دروستكردن و ته‌واوكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، له‌ هه‌ولێر تا زاخۆ، ته‌نیا یه‌ك ترافیك لایت ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش ترافیك لایتی شێخانه‌ و كار بۆ لابردنی ئه‌و ترافیك لایته‌ش ده‌كرێ.

زاخۆ وەک یەکەم شار دەبێتە خاوەنی نەخشەی وەبەرهێنان

زاخۆ وەک یەکەم شار دەبێتە خاوەنی نەخشەی وەبەرهێنان