بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆلێرا
سلێمانی شەش داواکاری بە وەزیری تەندروستی دا
964+
ئەحمەد مستەفا
تەندروستیی سلێمانی شەش داواکاری پێشکەش بە وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، تا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی کۆلێرا لە سلێمانی بیخاتە سەرمێزی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران.
داواکارییەکان ئەمانەن:
بودجەی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی زیاد بکرێ.
دابینکردنی کلۆر بۆ بەش و سەرچاوە ئاوییەکان.
هێڵێکی دیکەی ئاو بۆ سلێمانی تەرخان بکرێ، (پشتبەستن بە ئاوی بیر)
دەرکردنی رێنمایی فەرمی بۆ چێشتخانەکان و رێستۆرانتەکان.
شەمعەکانی ئاو بکرێن بە فەرمی و تۆمار بکرێن، یان کلۆریان پێ بدرێت.
نەخۆشخانەیەک تایبەت بکرێت بە نەخۆشییە گواستراوەکان، بودجە و کارمەندی بۆ تەرخان بکرێ.
دکتۆر گۆران محێدین، سەرۆکی بەشی هەناوی لە تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە (9.9.2023) بە 964ی وت، “داواکارییەکان بۆ ئەوەن دۆخی کۆلێرا لە سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکرێت، کە بەشی زۆری جێبەجێکردنی ئەم کارەش دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی”.
رێژەی کۆلێرا لە سلێمانی تا 117 حاڵەت پشتڕاستکراوەتەوە، پزیشکەکان هۆکارەکەی بۆ خواردن و ئاوی ناتەندروست دەگەڕێننەوە، سەرۆکی بەشی هەناوی لە تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، “پێویستە ئەو کەسانەی تووشی سکچوون و رشانەوە دەبن، یان گومانیان بە پاتەکە لێدەکرێت، جگە لە وەرگرتنی چارەسەر زیاتر خواردنە شلەمەنییەکان بخۆن”.