دانیشتوانی گوندێک 200 ساڵە کاتژمێر بەکارناهێنن

964+
ئاسۆ وەرتی

گوندی بەڕۆژ لە ناحیەی وەرتێ لە زەمانی باب و باپیرانیانەوە تاوەکو ئێستا بۆ ئاودێریکردنی رەز و باخەکانیان کاتژمێر بەکارناهێنن.

عەبدوڵا حەمەد یەکێکە لە پیاوە بەتەمەنەکانی گوندە بۆ 964 وتی، “ئێمه خاوەنی دەستورێکین، کەس ناتوانێت مافی کەس بخوات، کەس غەدر لە کەس ناکات، نۆبه ئاو لە کۆنەوە دابەشکراوە و تاکو ئێستا تێکمان نەداوە”.

هەروەها وتی، “14 نۆبە ئاوە رۆژانە بەسەر چوار شەرتدا دابەشکراوە، لە دوای نوێژی بەیانیەوە یەکەم شەرت دەستپێدەکات تاوەکو هەتاو دەگاتە دارێ شاخی، لەم کاتەوە بۆ کەسێکی ترە تاکو سێبەر دەگاته ناو بەردان لە بناری کارۆخ، لەوکاتەوە دەستپدەکاتەوە تاکو دەگاتە رێ بارێ، ئینجا کە دەبێتەوە شەو تاکو بانگی بەیانی بۆ کەسێکی تره.

دانیشوانی ئەو گوندە یارمەتی یەکتر دەدەن ئەگەر ئاوەکە زیادیکرد یان زووتر رەزوباخەکەی داشت، پێش تەواوبوونی وادەی خۆی ئاوەکە دەداتە کەسی دوای خۆی.

گوندی بەڕۆژ بەشێکە لە ناحیەی وەرتێ و نزیکەی 50 ماڵێک دەبن، زۆرینەیان بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سەرقاڵن، گوندەکە تەبایی و برایەتی تێدا پتەوە.