بەڕووی سێ شوێنی کوردستانە

رێکخراوێک 300 هەزار دار بەڕووی لە هەولێر چاندووە

964+

فەهمی نەبی

رێکخراوێکی ژینگەیی پلانی ئەوەیە یەک ملیۆن دار بەڕوو لە هەولێر بچێنێت، هەنگاوی یەکەم 300 هەزار دار بەڕووی لەشەقامی 120 مەتری هەولێر چاندووە.

ئەو رێکخراوە پلانی ئەوەیە لەماوەی پێنج ساڵدا ژمارەی دار بەڕووی چێندراو لە هەولێر بگەیەنێتە یەک ملیۆن دار.

گەشبین ئیدریس سەرۆکی رێکخراوی هەسار بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “پرۆسەکە بەمجۆرەیە، لەو رۆژەوەی دەیچێنین تا گەورە دەبێت چاودێری دەکەین، ئۆفیسمان لەنزیک دارەکان داناوە، هەموو دارەکان لە پشتێنەی شەقامی 120 مەتری لە رێگای بنەسڵاوە تا رێگای کۆیە بووە”.

سەرۆکی رێکخراوی هەسار ئەوەشی وت، “لە کوردستان چوار جۆر داربەڕوو هەن، تەنیا یەکجۆریان لەناو شار گەشە دەکەن، لەمانگی 11ی ساڵی پارەوە بەرهەمی دار بەڕوومان لە پێنجوێن و سیدەکان و چیای سەفین کۆکردەوە، پڕۆژەکە لەگەڵ رێکخراوی روانگە بەهاوبەشییە، تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە”.

زانیاریەکان لەبارەی داری بەڕوو ئەوەیە، بە هێواشی گەشە دەکات، سەرەتا رەگەکەی دەست بە گەشە دەکات دواتر قەدەکەی، ئەو داربەڕووانەی رێکخراوی هەسار چاندوویەتی باڵایان 30 سانتیمەتر بەرز و رەگەکەیان نزیکەی مەترێک گەشەی کردووە لەماوەی حەوت مانگدا، چاوەڕوان دەکرێت تا پێنج ساڵ بەتەواوی گەشە بکەن.

لەبارەی شێوازی ئاودانی ئەو دارانە، گەشبین ئیدریس دەڵێت، “بەهیچ جۆرێک ئاوی ژێر زەوی بۆ ئاودانی دارەکان بەکارناهێنین، بەڵکو بەهاوکاری رێکخراوی یونسێف سیسمتی فلتەرکردنی ئاوی بەرکارهاتوومان بۆ داناوە”.

سەرۆکی رێکخراوی هەسار دەڵێت، داربەڕوو لە هاویندا مانگی یەکجار ئاوی دەوێت و لە سێ وەرزەکەی دیکە یەک قەترە ئاوی ناوێت، دوای تەمەنی سێ ساڵی هیچی دیکە ئاوی ناوێت و دەگاتە قۆناغی خۆ بەڕێوەبردن.