باسی گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
هەڤاڵ ئەبوبەکر: عێراق دەتوانێت وەڵامی گومانەکانی تورکیا بداتەوە
964+
ژووری هەواڵ
پارێزگاری سلێمانی لە میانی بەشداریکردنی لە رووماڵێکی 964، لەبارەی گومانی حکومەتی تورکیا بۆ نەکردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەرووی سلێمانی، وتی، “دەبێت حکومەتی عێراق وەڵامی، گومانە ئەمنی و سەربازی و سیاسییەکەی بداتەوە”.
تورکیا لە 3.4.2023 ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگبوو و تا 3.7.2023، بەڵام پاشتر بۆ دووەمجار تا 3.1.2024 داخستنەکەی درێژکردەوە.
پارێزگاری سلێمانی داواکاری کردنەوەی لەگەڵ کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تاوتوێکردووە، ئەمرۆ هەینی لە میانی بەشداریکردن لە رووماڵی تۆڕی میدیایی 964 لە پێشانگەی نێکست ستێپ لە سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر قسەی نوێی هەبوو.
ئەو وتی، “ئەوان دەتوانن وەڵامی گومان و تێڕوانینە کارگێڕی و یاسایی و خزمەتگوزارییەکان بدەنەوە بە حکومەتی تورکیا”، لەبارەی کاروبارەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
ئەوەشی راگەیاند، “دەبێت حکومەتی عێراق وەڵام و روونکردنەوەکەیان لە باریەوە بدات بە حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا”.