یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ بۆ مامۆستایان دروست دەکرێت

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

مامۆستایانی کوردستان لە چاوەڕوانی دروستکردنی یەکەی نوێدان، یەکێتییەکەیان دەڵێت پڕۆژە نوێکان لە شاری سلێمانییەوە دەستپێ دەکەن، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە چەند یەکە دەبێت.

لە زانیارییەکانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە دەزانێت، زەوی بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی نوێی مامۆستایان لە تاسڵوجەی شاری سلێمانی دابینکراوە، بەڵام هێشتا وردەکاری سەبارەت بە جێبەجێکردن و ژمارەی یەکەکانی یەکلایی نەکراوەتەوە.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە +964ـی راگەیاند: کارەکانی دەستپێکردنی یەکەکان زۆری نەماوە و ئێمەش لەسەر خەتین بۆ بەرەوپێشبردنی یەکەکان.

زانیارییەکانی یەکێتییەکە ئاشکرای دەکات، پێشتر لە هەولێر دوو هەزار یەکە، لە سلێمانی هەزارو ٧٨٠ یەکە، لە کەلار هەزار یەکە و لە ناحیەی رزگارییش ٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان لە شوقە و خانوو تەواو کراون.

“لە کفری و شەقڵاوە و ئاکرێ گرێبەستمان هەبووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون. لە دهۆکیشی بە هەمان شێوە بڕیار بوو دروست بکرێن، بەڵام کێشەی تێکەوت و یەکەکان دروست نەکراون تا ئێستا”، عەتا ئەحمەد وای وت.