خەریکی ئامادەکارین

بە فەرمی هەڵبژاردەی کوردستان بەشداری پاڵاوتنی جامی جیهانی دەکات

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

هەڵبژاردەی کوردستانی ئەندام لە یەکێتی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی کوردستان بەشداری لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2024 دەکات لە یاری EA sports fc 24 کە پێشتر ناوی فیفا بوو.

یارییەکان لە مۆدی Pro clubsـی یاری فیفا ئەنجام دەدرێن، لەو مۆدە هەر یاریزانێک دەتوانێک یاریکەرێکی ئەلیکترۆنی بە ناو و شێوەی خۆی دروست بکات و لە یەکێک لە مەرکەزەکانی یاریگا یاری بکات و یارییەکان بەشێوەی ئۆنڵاینی 11 لە دژی 11 ئەنجام دەدرێن.

هەڵبژاردەی کوردستان براوەی جامی وڵاتانی عەرەبی ساڵی 2020 بوو، هەروەها لە شەش پاڵەوانێتی پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.

دیاری حەسەن، سەرۆکی یەکێتی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی کوردستان بە 964ـی وت، ئامادەکاری دەکەن بۆ پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی ساڵی 2024 و هەڵبژاردەی کوردستان رکابەری نازناوە هەرێمی و جیهانییەکان دەکات.

دیاری حەسەن وتیشی، یاریزانانی هەڵبژاردەی کوردستان لە خولە ناوخۆییەکان و خولە پیشەگەرەکان بەگوێرەی ئاست و ئاماریان هەڵدەبژێردرێن.

هەڵبژاردەی کوردستان لە جامی جیهانی ساڵی 2021 بەشداری کرد تاوەکو قۆناغی 16 بەردەوامبوو لە رکابەری کردن، گۆڵپارێزی ئەوکاتی هەڵبژاردەکە (باهۆز سەباح) بە باشترین گۆڵپارێزی پاڵەوانەتییەکە دەستنیشان کرا.

964 دەزانێت کە کێشەی سەرەکی هەڵبژاردەی کوردستان دووری سێرڤەرەکانی یارییەکەیە لە هەرێمی کوردستان کە وا دەکات کێشەی خاوی خەتیان بۆ دروست بێت و نەتوانن خێراتر کاردانەوەیان هەبێت بۆ رووداوەکانی یارییەکە.