هیندستان ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ بەهارات، بەڵام بەهارات کێیە؟

964+
ژووری هەواڵ

هیندستان ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ بەهارات، بەڵام ئەو بەهاراتە نییە کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە. کاتی خۆی، لە دێر زەمانەوە، بەهاراتی گژوگیا لە وڵاتی هیندستانەوە دەهات بەرەو ناوچەکانی خۆمان، خەڵکی پێیان دەوت بەهارات، تاوەکو ئەمڕۆش هەر وای پێدەڵێن، بەڵام بەهارات یانی چی؟

لەم رۆژانەدا، نارێندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەعوەتنامەی نارد بۆ گرپی 20، چونکە ئەمساڵ کۆبوونەوەی گروپەکە لە هیندستان دەبێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، مۆدی لە دەعوەتنامەکەدا خۆی وەکو سەرۆکی بەهارات ناساندووە نەک هیندستان، ئەمەش جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد.

964 چووە بنج و بنەوانی بابەتەکە، بەشوێن وشەی بەهاراتدا گەڕا و دەرکەوت، کاکە خۆ ئەمە بەهاراتەکەی خۆمان نییە و لە راستیدا ناوی پادشایەکی ئەفسانەیی هیندییەکانە.

بەگوێرەی ئەو نووسراوانەی لەبارەی بەهاراتەوە هەن، ئەو پادشایە نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا حکومی هیندستانی کردووە. ئەوەندە بەناوبانگ بووە، گەلانی دیکەی نزیک و دوور هەر وتوویانە وڵاتی بەهارات، نەک هیندەکان.

کاتێکیش گژوگیای رەنگاورەنگ و تامدار لە هیندستانەوە هێندراونەتە ناوچەکەی خۆمان، هەر وتوویانە بەهارات، بە مانای ئەوەی لە وڵاتی پادشا بەهاراتەوە هاتووە.

ئێستا حکومەتەکەی مۆدی پرۆژەیەکی ئامادەکردووە و تیایدا بە فەرمی ناوی هیندستانی بۆ بەهارات گۆڕیوە، ماوەتەوە لەنێوان 18 بۆ 22ـی ئەم مانگەدا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوەش ئەگەرچی ناڕەزایەتی بەشێک لە خەڵکی وڵاتەکەی لێکەوتووەتەوە، بەڵام وادیارە زۆرینە پێیان خۆش بێت.