لە راپەڕین یەکەمین فێستیڤاڵی گۆرانی و موزیک بەڕێوەدەچێت

964+
پەرستۆ ساڵح

بۆ یەکەمینجار لە دەڤەری راپەرین فێستیڤاڵی گۆرانی و موزیک سازدەکرێت و کۆیەش بەشداری دەکات.

فێستیڤاڵەکە لە ئێوارەی پێنجشەممە، 7.9.2023، لە پارکی دەروازەی شانۆیی رۆمانی لە رانیە بۆ ماوەی یەک رۆژ بەڕێوەدەچێت، تایبەتە بە نمایشکردنی گۆرانی و موزیکی فۆلکلۆری و هەڵپەڕکێ و بازاڕیکردن کە تێیدا 14 ژنیش بە کاری دەستی و پێشکەشکردنی خواردنی کوردەواری بەشدارن.

هیوا مستەفا بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری راپەرین تایبەت بە 964 وتی، “یەکەمینجارە ئەم فێستیڤاڵە لەم سنورە سازدەکرێت و چوار گروپ بەشدارن لە ناوچەکە یەکێکیان لە کۆیەوە هاتووە، بێگومان توانایەکی هونەری باش هەیە لە راپەڕین و پێویستیمان بەم جۆرە چالاکیانەیە”.

بە گشتی لە ئیدارە سەربەخۆکان فێستیڤاڵی هونەری کەمە، بەڕێوەبەری رۆشنبیری راپەڕین ئاماژەش دەدات بەوەی ئەگەر بودجەیان بۆ دابین بکرێت دەیانەوێت ئەم چالاکیە بکەنە ساڵانە و لە شارەکانی دیکەی دەڤەرەکەیان سازبکرێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی پایز بەشێکی زۆر لە شارەکانی کوردستان فێستیڤاڵی هونەری و پێشانگا و بازاڕگەری بەڕێوەدەچێت، وەک فێستیڤاڵی گەلان لە سلێمانی و فێستیڤاڵی پایزەی سینەما و کاری دەستی لە هەولێر.

لە راپەڕین یەکەمین فێستیڤاڵی گۆرانی و موزیک بەڕێوەدەچێت