68 ساڵە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی رانیە نۆژەن نەکراوەتەوە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ڤیدیۆ

لە ساڵی 1954ەوە، پڕۆژەی ئاوی قولە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی شاری رانیەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی بنچینەیی نۆژەن نەکراوەتەوە.

ئاسۆ ئیبراهیم لێپرسراوی پڕۆژەکەیە، باس لەوە دەکات کە 68 ساڵە ئاوی قولە وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێندرێت و سەرەتا تەنیا یەک پۆستەر پەمپ بووە و تەنیا ئاوی بۆ گەڕەکەکانی قولە و قەڵات دابین کردووە، کە دوو لە  کۆنترین گەڕەکەکانی رانیەن، بەڵام دواتر لە ساڵی 1983 پڕۆژەکەیان بەرفراوان کردووە و پۆستەر پەمپیان بۆ زیادکردووە.

لە ئێستادا، 12 پۆستەر پەمپیان هەیە کە نزیکەی سێ هەزار و 200 مەتر سێجا ئاو خەزن دەکات لە ناو پڕۆژەکەدا، کە نزیکەی سەدا 60 بۆ 65ی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی رانیە دابین دەکات.

لێپرسراوی پرۆژەکە وتی، لەبەر کۆنی پڕۆژەکە و هەڵکەوتەی شوێنەکەی کە دەکەوێتە ناوجەرگەی شار، رۆژانە توشی کێشە دەبن بەتایبەت لە بەکارهێنانی ئامێرەکاندا کە زۆر کۆنن.

بەهۆی قەیرانی وشکەساڵییەوە، ئەم چەند ساڵە ئاوی قولەش کەمیکردووە وەک ئاسۆ باسی دەکات، رۆژانە تەنیا دەتوانن 40 خولەک ئاو بۆ هاوڵاتیان دابینبکەن لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو دەیانتوانی سەعات و نیوێک بۆ دوو سەعات ئاو بۆ هاوڵاتیان دابینبکەن.

بە قسەی شارەزایانی دەڤەرەکە، تاوەکو ئێستا ئاوی قولە وشکی نەکردووە و تاکە سەرچاوەیە کە بەو شێوەیە مابێتەوە، بەدیلی ئاوی قولە لە ئێستادا تەواوکردنی پڕۆژەی دەربەندی رانیەیە کە ئاوی رانیە و چوارقوڕنە و حاجیاوا دابیندەکات، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە.

زانیاریی دروست نییە، بەڵام گوایە سەرچاوەی ئاوی قولە لە قەندیلەوە دێت و مێژوویەکی زۆر کۆن و دیارینەکراوی هەیە.