ئه‌مڕۆ پاڵه‌وانی مۆندیال ده‌رده‌كه‌وێت

964+

چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە و مۆندیالی قەتەڕ دەگاتە دوا وێستگەی خۆی، هەموو جیهان چاویان لەسەر ئەوەیە بزانن ئاخۆ تا چوار ساڵی تر جامی زێڕینی جیهان بارگەو بنەی لە پاریس دەخات یان بۆینس ئایرس.

فەرەنسا و ئەرجەنتین تاکە دوو هەڵبژاردەی گەورەی رزگاربووی دەست سوپرایزی ئەم مۆندیالە بوون، مۆندیالێک کە هەڵبژاردە بەئەزموونەکانی وەک بەڕازیل، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، پۆرتوگال، تێدا کەوتن و لە چوارگۆشە زێڕینەکەیدا مەغریب و کرواتیا شوێنیان گرتنه‌وه‌.

مۆندیالی قەتەڕ ٢٠٢٢ هەر ئەنجامەکانی جیاواز نەبوون، بەڵکو سەرلەبەری مۆندیالەکە کەم وێنە بوو، وڵاتێکی بچکۆلە و لاتەریکی وەرزش، میوانداریی گەورەترین رووداوی وەرزشی جیهانی کرد و ئەزمونێکی جیاواز و سەرکەوتووی پێشکەش کرد و رووسپی تێیدا دەرچوو.

ئەو بۆنە وەرزشییەی مانگێکە هەموو دنیای سەرقاڵ کردووە، پڕ بە پێستی خۆی مۆندیالی یەکەمجارەکان بوو، یەکەمجارە لە وەرزی زستاندا بەڕێوەدەچێت، یەکەمجارە تەکنەلۆژیا زۆر بەقوڵی شوێنی خۆی دەگرێت و ئاسانکاری گەورە پێشکەشی ناوبژیوانەکان دەکات، هەر یەکەمجاریشە لە وڵاتێکی عەرەبی ئیسلامیدا بەڕێوەدەچێت، بێگومان یەکەمجاریشە هەڵبژاردەی خانەخوێ لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا سفر هیچ بەدەستەوە ماڵئاوایی دەکات.

لە دوای مۆندیالی ١٩٩٤ەوە یەکەمجارە هیچ هەڵبژاردەیەک لەقۆناغی کۆمەڵەکاندا خاڵی تەواوی کۆنەکردەوە و هەموویان دووچاری دۆڕاندن یان یەکسانبوون هاتن.

رووداوە سەیرەکانی ناو ئەم مۆندیالە زۆر بوون، تیمە زەبەلاحەکان بوونە نێچیری دەستی ئەو هەڵبژاردانەی بە بچووک دەبینران، بەڵام کاری گەورەیان کرد، هەر لەقۆناغی کۆمەڵەکانەوە پێنج لە سەیرترین ئەنجامەکان تۆمارکران، ئەوانیش بریتی بوون لە بردنەوەی عەرەبستانی سعوودیە لەئەرجەنتین، بردنەوەی تونس لە فەڕەنسا، کامیرۆن لە بەرازیل و دۆڕاندنی ئیسپانیا و ئەڵمانیا بە دەستی ژاپۆن.

مۆندیالی قەتەڕ وەک هەموو مۆندیالەکانی دیکە، بێ مشتومڕ نەبوو، رووی هەرە گەشی مۆندیالەکە ئەوە بوو بە دانپێدانانی فیفا، قەتەڕ سەرکەوتوترین مۆندیالی پێشکەش کرد و لەم اوەیەکی پێوانەییدا لەسەر لمی بیابان، ئەو هەموو یاریگه‌ زەبەلاحەی بنیادنا و لە رووی پێشوازی لە ملیۆنان هاندەر و رێکخستنی هاتوچۆ و پاراستنی ئارامی، لەوە زیاتری کرد کە لێی چاوەڕوان دەکرا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کەوتە بەر نەشتەری رەخنەش، بەوەی پڕ تێچووترین مۆندیال بوو لە رووی تێچووەوە، كه‌ سەرووی ٢٢٠ ملیار دۆلاری بۆ خەرج کرا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی قسەی زۆر هەبوو لەسەر ئەوەی هەر بەزەبری پارە ئەو مۆندیالەی لە فیفا سەندبوو.

کار لە رۆژ و مانگ و ساڵدا نەما، چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە و مۆندیالی قەتەڕ ٢٠٢٢ کۆتایی دێت، ئەم ماوە کەمەی ماوە، هەموو جیهان چاوەڕێی دەکات بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ تۆپی پێ چاکەی مێسی دەداتەوە و جامه‌ زێڕینەکەی پێ رەوا دەبینیێ و هەوادارانی ئەرجەنتین لە دوای مارادۆناوە دەبنە خاوەنی ئەفسانەیەکی لەبیرنەکراوی تر؟، یان ئێمباپێی گەوهەرە رەشەکەی فەڕەنسا بەو تەمەنە کەمەوە مۆندیالی دووەم دەباتەوە و بە هەموو جیهان دەڵێ، ئیتر من شوێنگرەوەی پێلێی ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیل و جیهانم.