وێنەی بەشێک لە کەلوپەلەکانی نێو کارگەکە. فۆتۆ: تەندروستی چەمچەماڵ
کارگەیەکی دروستکردنی سەهۆڵ لەترسی کۆلێرا داخرا
هاوبەش ئەبوبەکر
کارگەیەکی دروستکردنی سەهۆڵ لە چەمچەماڵ بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان داخرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 4.9.2023، فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، لەبەر مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و ئەو کارگەیە داخراوە.
“تاوەکو ئێستا رەوشی تەندروستی چەمچەماڵ لەرووی بڵاوبوونەوەی کۆلێراوە باش هاتووە، نامانەوێت ئەو رەوشە تێکبچێت”، فەرهاد محەمەد وای وت.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ وێنەی بەشێک لە کەلوپەل و ئامێرەکانی نێو کارگەکەی بڵاوکردووەتەوە، وەک دەردەکەوێت بەشێکیان ژەنگاوین و بە پاکوخاوێنی رانەگیراون.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی 10 حاڵەتی کۆلێرا دەستنیشان کراوە و لە گەرمیانیش حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆلێرا گەیشتە سێ کەس، سەرچاوە تەندروستییەکان دەڵێن، هۆکاری سەرەکی حاڵەتەکان ئاوی پیسە.