لە گەرمیان ژمارەی توشبووانی کۆلێرا گەیشتە سێ کەس
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دوو حاڵەتی دیکەی توشبوون بە پەتای کۆلێرا راگەیەندرا و ژمارەی توشبووانی ئەو نەخۆشییە گەیشتە سێ کەس.
لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە گەرمیان دوو حاڵەتی دیکەی کۆلێرا لەنێو ئەو نەخۆشانە دەركەوتون كە لە بەشی نەخۆشخانەی قەڵا لە كەلار خەوێنراون و 43 توشبووی سكچونیش دەستنیشانكراون و پشكنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت.
لەکۆی ئەو 43 نەخۆشەی كە سكچونیان هەیە و لە بەشی نەخۆشخانەی قەڵان 40 توشبوویان منداڵن.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، تەنیا رۆژی یەکشەممە، 49 حاڵەتی نەخۆشی سكچون سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار و نەخۆشخانەی گشتی شەهید خالد گەرمیانیان لە قەزای كفری كردوە كە 37 حاڵەتیان لە كەلار و 12 حاڵەتیشیان لە كفری بوون.
“داوای خۆپارێزیی لە هەموو هاوڵاتیان دەكەین، تكایە پاكوخاوێنی رابگرن و بە بەردەوامی دەستەكانتان بە باشیی بشۆن، هاوكات ئەو خواردن و خواردنەوانە مەخۆن كە گوماناوین و هەروەها دڵنیا ببنەوە لە پاكیی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەتان”، تەندروستی گەرمیان وا دەڵێت.