پێنج رۆژە شەهرام نەدۆزراوەتەوە

964+

هۆگر عەدنان

ماوەی پێنج رۆژە گەڕان بە دوای شەهرام کە لە زێی بچوک خنکاوە بەردەوامە و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

زانا ئەبوبەکر، بەرپرسی تیمی مەلەوانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی بە 964ی وت، جارێکی دیکە ئەمشەو ئاوی زێی بچوک کەمدەکرێتەوە بە هیوای ئەوەی بیدۆزنەوە.

کەسێکی نزیکی باوکی شەهرام بە 964ـی وت، “تا ئیستا نەماندۆزیتووەتەوە، هەردەگەڕێین و هیوادارین چیتر کەس ئازار نەکێشێت و هەرچی زووە بیدۆزنەوە”.

به‌ پیێی زانیارییه‌كانی 964، یەکێک له‌ ئاستەنگەکانی دۆزینەوەی تەرمەکە، بوونی چاڵێکی زۆری غەسالەیە لە سنووری زێی بچوک، کە بۆ بەرهەمهێنانی چەو و لم چاڵی گه‌وره‌یان له‌ رووباره‌كه‌ دروست كردووه‌، ئەمەش بووه‌تە هۆکاری مەنگی و قوڵیی ئاوەکە لە هەندێک شوێنی زێی بچوک، لە سنووری ئاوی گۆپتەپەدا.

دوانیوەڕۆی سێشه‌ممەی رابردوو، خێزانێکی چەمچەماڵی بە مەبەستی گەشت و سەیران چوونه‌ سنووری گونده‌كانی کانی بی و بۆگد، هەمان رۆژ منداڵێکیان دەکه‌وێتە رووباره‌وه‌ و خنكا.

منداڵەکە ناوی شەهرام سامی شەفیقە و تەمەن هەشت ساڵانه‌، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و هیچ سۆراغێکی نییە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی