بۆ چەک دەگەڕێن

هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک ماڵەکانی گەڕەکی رەحیماوا دەپشکنن

964+
کاروان ساڵحی

هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کەرکوکەوە دەستیپێکردووە بۆ سەر ماڵەکانی گەڕەکی رەحیماوای شارەکە و بەدوای چەکدا دەگەڕێن.

نەجم عەبدوڵا دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە و بە 964ـی وت، “هێزە ئەمنییەکان هاتنە ناو ماڵەکەم و پرسیاری هەبوونی چەکیان لێکردم، سێ ژوور گەڕان، لە ماڵێکی دراوسێمان ئاگام لێبوو مۆبایلی گەنجێکیان پشکنی بۆ ئەوەی بزانن ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکان چی تێدایە”.

لەلایەکی دیکە، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە شاری کەرکوک بە 964ـی وت، لە دوێنێوە تا ئێستا 39 کەس بە تۆمەتی “ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکراون.

964 زانیویەتی لەو 39 کەسە، 26یان رەوانەی دادگا کراون، ئەمڕۆ بڕیارە زۆرینەیان بە کەفالەت ئازاد بکرێن.

هاوکات، سەرچاوەیەکی باڵا لە دادگای کەرکوک بە 964ـی وت، لەو 26 کەسەی نێردراون بۆ دادگا، ئەمڕۆ 25یان ئازاد دەکرێن، بەڵام یەکێکیان بە تۆمەتی قورس دەستگیرکراوە و ئازاد ناکرێت.

964 تێگەیشتووە ئەو کەسەی ئازاد ناکرێت لەناو خۆپیشاندەرە عەرەبەکاندا بووە و پێشتریش سکاڵای لەسەر بووە.

سەرلەئێوارەی دوێنێ شەممە، بەشێک لە کوردەکانی کەرکوک خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد ئەو خێمانە لاببرێت کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێکە لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك هەڵیانداوە.

ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدراون کە رێگە بگرن لە راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ پێشتر باره‌گای خۆی بووه‌.

بەهۆی گرژییەکانەوە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 15ـی دیکەش بریندار بوون.