گۆرانی و هەڵپەڕکێ و یارییە ئاگریینەکان

هەولێر لە شەوی سەری ساڵدا دەیكات بە بەزم و ئاهەنگ

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانیی هەولێر دەڵێت، لە شەوی سەری ساڵدا دەیكەین بە بەزم و شادی و ئاهەنگی گۆرانی و موزیك لە بەردەم قەڵا سازدەكەین، لەسەر قەڵاش یارییە ئاگریینەكان بەرەو ئاسمان دەتەقێندرێن.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە 29.12.2024 بڵاویكردەوە،  جگە لەوەی فێستێڤاڵێكی خواردن و كاری دەستی لە پاركی ناو شار، كە لە 25ی ئەم مانگەوە دەستی پێكردووە، ئێوارەی 31.12.2024 كە دەكاتە شەوی سەری ساڵ ئاهەنگی گۆرانی و موزیك لە بەردەم قەڵا سازدەكرێت و هەریەكە لە هونەرمەندان كامەران ساڵح و محەمەد نەجاڕ گۆرانی دەڵێن و چەند چالاكییەكی هونەری پێشكەش دەكرێن.

شارەوانیی هەولێر ئەوەشی باس كردووە، درەنگانی شەویش و لەگەڵ نزیكبوونەوەی چركەساتەكانی ساڵی نوێ، بە نمايشێكى گەورەی ياریيه ئاگریینەکان لەسەر قەڵای هەولێر پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکرێت.

لەوەتەی 25ی ئەم مانگەوە، لە پاركی ناوبازاڕ فێستیڤاڵێكی خواردن و كاری دەستی بۆ چەند كۆمپانیا و خواردنگەیەك بەبۆنەی ساڵی نوێ لە لایەن شارەوانیی هەولێرەوە دەستی پێكردووە و شەوان چالاكی هونەری بەڕێوەدەچێت، گەشتیاران و هاوڵاتیانیش ئامادەی دەبن.

پێشتر پارێزگای هەولێر و قایماقییەت رایانگەیاندبوو، بە فەرمی بەبۆنەی سەری ساڵەوە هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەك بەبۆنەی سەری ساڵەوە رێكناخرێت.

پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگێکی بۆ سەری ساڵ نییە

پارێزگای هەولێر هیچ ئاهەنگێکی بۆ سەری ساڵ نییە