
وێنە تایبەت بە +964
بەدەل بەرواری گروپی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران چالاک دەکاتەوە
چوار ساڵ راگیرا بوو
+964
عەمار عەزیز
دوای چوارساڵ لە راگرتنی چالاکییەکانی، گروپی کوا پاشەکەوتی موچە چالاک دەکرێتەوە. بەدەل بەرواری دەڵێ؛ گروپێکین و بەنیازین بەدواداچوونی یاسایی بکەین بۆ گەڕاندنەوەی موچەکانمان.
بەدەل بەرواری، چالاکوان و نوێنەری گروپی پاشکەوتی موچەی فەرمانبەران لە دهۆک، باس لە چۆنیەتی چالاک کردنەوەی گروپەکە دەکات و ئاماژە بە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٤ـی ئەیلولی رابردوو لە شاری هەولێر دەکات و دەڵێ؛ به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و خاوه‌ن ماف له چینوتوێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵی كوردستان، گروپی گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وت و لێبرِینی موچه دووبارە کارکرایەوە.
“ئامانجی سەرکیمان كاركردنە بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌چوارچێوه‌ی چالاكی مه‌ده‌نی و یاسایی، رێكخستنی توانایی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا و په‌یداكردنی پشتگیری ئه‌وانی تر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی ماف خوراوان، له رێگای په‌یوه‌ندیكردن به دامه‌زراوه فه‌رمی و په‌یوه‌ندیداره‌كان له ئاستی هه‌رێمی كوردستان وعێراق”. بەدەل بەرواری وای وت.
“گروپی کوا پاشکەوتی من” لە ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ لەلایەن مامۆستا بەدەل بەرواری و کۆمەڵێک مامۆستا و چالاکوان دامەزرا، بەڵام بەهۆی دەستبەسەرکردنی بەدەل بەرواری چالاکیەکانی گروپ وەستێندرا، لە چواری ئەیلولی رابردوو دووبارە دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە.
+964 دەزانێت، موچه‌خۆرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مانگی ئه‌یلولی ساڵی ٢٠١٥، به هۆكاری جیاواز هه‌مووی یان به‌شێك له موچه‌کانیان لێبڕاوه، كۆی گشتی موچە پاشەکەوتکراوەکان و نەدراوەکان بە سەرووی ١٢ ترلیۆن دینار دەخەملێندرێت.
بەدەل بەرواری وتیشی”چالاکییه‌کانمان به‌شێوه‌ی مه‌ده‌نی ده‌بێت، به‌دواداچوونی یاسایی ده‌که‌ین و کۆمه‌ڵێک دادوه‌رو پارێزه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌بن تاوه‌کو له‌ڕێگای یاسایی پاشکه‌وتی مووچه بکه‌ینه ماڵ له‌سه‌ر حکومه‌ت و بیگێڕینەوە بۆ فەرمانبەران”.
گروپەکە، لەلایەن رێکخراوی فریاکەوتنی میللی (پاو) پارەدار دەکرێت و بەشێکە لە پڕۆژەی چەسپاندنی دیموکراتی کە رێکخراوی (NPA)ـی نەرویجی پشتگیری دارایی دەکات و بۆ ماوەی چوارساڵ.
لەدوا کۆبوونەوەی گروپی پاشەکەوتی موچە کە ١٠ـی ئەم مانگە بوو، گفتوگۆ لەسەر داڕشتنی سیاسەتی کاری گروپەکە کراوە، بەدەل بەرواریش دەڵێ؛ لە ئایندەیەکی نزیک سەردانی پەرلەمانی کوردستان و چەند شوێنکی دیکەش دەکەین بە ئامانجی فشار خستنەسەر حکومەت بۆ دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران.