یه‌كه‌م حاڵه‌تى نه‌خۆشی كۆلێرا له‌ گه‌رمیان دەستنیشانكرا

964+
ژووری هەواڵ

تەندروستی گەرمیان دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، یه‌كه‌م حاڵه‌تى نه‌خۆشی كۆلێرایان له‌ دەڤەرەکە دەستنیشانكردووە كه‌ ژنێكى ته‌مه‌ن 24 ساڵه‌.

کەمێک لەمەوبەر، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا هاوڵاتیانی دەڤەرەکەی لەم هەواڵە ئاگادار کردووەتەوە.

دەشڵێت، تیمه‌كانى به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى خۆپاراستنى ته‌ندروستى گه‌رمیان راسپێردراون بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و كه‌یسه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ى توشبوونی.

هەروەها داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌كات كه‌ خۆپارێزیی بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستى دووربوون له‌ مه‌ترسییه‌كانى حاڵه‌ته‌كانى سكچوون و كۆلێرا، ئه‌وەش به‌ گرتنه‌به‌رى رێكارى پاكوخاوێنى و خۆپارێزی و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ پاكیی سه‌رچاوه‌ى ئاوی خواردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ تۆمارکردنی 10 حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی راگەیەندرا و بەرپرسانی تەندروستی شارەکە باسیان لەوە کرد، هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە ئاوی تانکەرەکانە، کە سەرچاوەکەی پیسە.