یانەی دەربەندیخان نوێنەری پارێزگای سلێمانیە

+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی

تیپی باسکەی لاوانی یانەی وەرزشی دەربەندیخان لە خولی عێراق، نوێنەرایەتی پارێزگای سلێمانی دەکات.
بە مەبەستی بەشداریکردنی لە قۆناغی دووەمی خولی باسکەی لاوانی یانەکانی عێراق، یانەی دەربەندیخان دوای بردنەوەی لە پێشمەرگە بووە نوێنەری پارێزگای سلێمانی.
بیلال مەولود ئەندامی فیدراسیۆنی باسکەی عێراق بە 964ـی وت، وەک فیدراسیۆنی عێراق لە بەرنامەیاندابووە خولێک بۆ ئاستی لاوانی ئەو یانانە بەرێوەببەن، کە لە خولی نایابدانین.

وتیشی، لە هەرێمی کوردستان یانەکانی شاری کەرکوک و زاخۆ بەشدار نابن، چونکە ئەوان لە خولی نایابی عێراقدا یاریی دەکەن، لە سلێمانی یانەی دەربەندیخان بەشدارە و لە هەولێر و دهۆکیش دوای تەواوبوونی قۆناغی پاڵاوتن دوو یانەکەی دیکە دیاریی دەکرێن.
دوای تەواوبوونی قۆناغی پاڵاوتن، سێ یانە لە هەرێمی کوردستان بە شێوازی هاتن و چوون یاریی دەکەن و دواتر دوو یانە سەردەکەون بۆ قۆناغی کۆتایی خولەکە و لەگەڵ شەش یانەی دیکەی ناوەڕاست و باشوور و فوڕاتی ناوەڕاست، دەبنە هەشت یانە و رکابەری لەسەر گەیشتن بە خولی نایاب دەکەن، بریاریشە هەفتەی داهاتوو یارییەکانی پاڵاوتنی یانەکانی کوردستان دەستپێبکات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا