لە پڕۆژەی وایت تاوەرز لە هەولێر.. بەهۆی کەوتنیان کرێکارێک گیانی لەدەستداو یەکێکی دیکەش بریندارە

+964

فەرمان سادق

لە پڕۆژەیەکی هەولێر، لە کاتی کار کردندا دوو کرێکاری کوردستانی رۆژهەڵات لە یەکێک لە بینایەکان دەکەونە خوارەوە، یەکێکیان دوای گەیاندنی فریاکەوتنی رۆژئاوا گیان لەدەست دەدات.

کاتژمێر یەک و نیو بۆ دووی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٧ـی کانونی یەکەم، دوو کرێکار لە پڕۆژەی وایت تاوەرز دەکەونە خوارەوە، بەهۆیەوە یەکێکیان گیان لەدەست دەدات.

بەپێی بەدواداچوونی +964 کە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووەو پرسیاری لە دوو کرێکاری پڕۆژەکەو پاسەوانێکی پڕۆژەکە کردووە، زانیارییەکە پشتڕاست دەکەنەوەو دەڵێن؛ ئەو دوو کرێکارە کە تەمەنیان لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵی بووە، وەستای بەستانی ئەلیکۆبۆن بوون، لەکاتی رووپۆشی دیوی بەرانبەر یەکتری هەردوو بینای وایت تاوەرز، ئەسکەلە هونەرییەکەیان لێک دەبێتەوە بەهۆی شل بوونەوەی یەکێک لە بورغییەکان و نەبەستانی واشەر، بەهۆیەوە لە نهۆمی دووەمەوە دەکەونە خوارەوە، یەکێکیان دەکەوێتە سەر زەوی و ئەوەی دووەمیشیان دەکەوێتە سەر بنمیچی نهۆی سەر زەوی.

وایت تاوەرز، یەکێکە لە پڕۆژەکانی هەولێر دەکەوێتە نێوان شەقامی ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری هەولێر، بەرانبەر گوندی رەشکین، خۆی لە دوو باڵەخانەی ٢٠ نهۆمی دەبینێتەوەو روویان لە شەقامی ١٢٠ مەترییە بەرانبەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

پڕۆژەکە لە تەواوبوون دایە، لە ئێستادا کاری رووپۆشی ئەلیکۆبۆن و شووشەی بۆ دەکرێت، رووبەری هەردوو باڵەخانەکە نزیکە لە پێنج هەزار مەتردووجا.

پەیامنێری +964 لە شوێنی رووداوەکە زانیاری ئەوەی وەرگرت کە هەردوو کرێکارەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، دوای ئەوەی دەستبەجێ دەگەیەندرێنە فریاکەوتنی رۆژئاوا، یەکێک لە کرێکارەکان گیان لەدەست دەدات، ئەوەی دیکەش باری تەندروستی جێگیر نیە.