پاشای لێدانە راستەوخۆکانی خولی ئیتاڵیا کۆچی دوایی کرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

سێنسیا میهایلۆڤیچ یاریزانی پێشووی تۆپی پێی سڕبیا و ئه‌ستێره‌ی خولی ئیتالیا به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.

میهایلۆڤیچ زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بوو، هەرچەندە لە پشکنینەکاندا دەرکەوت کە چاکبووەتەوە، بەڵام ئەو بەدواداچوونە پزیشکییەی کە بۆی ئەنجامدرا، دەریخست نەخۆشییەکەی هێشتا ماوه‌ و جارێکی دیکە به‌ جەستەیدا بڵاوبووەتەوە، دواجار ئێواره‌ی دوێنێ هه‌ینی لە تەمەنی 53 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد

میهایلۆڤیچ بە یەکێک لە باشترین ئه‌و یاریزانانه‌ داده‌نرا، كه‌ تایبه‌تمه‌ند بوون به‌ جێبه‌جێكردنی لێدانی راسته‌وخۆ، زۆرترین گۆڵیشی لە مێژووی خولی ئیتالیا تۆمارکردووە لە لێدانی راسته‌وخۆ، کە 28 گۆڵە.

خولی ئیتالیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆیان به‌ كۆچی دوایی میهایلۆڤیچ راگه‌یاند و نووسیویانه‌ “كۆچی دوایی میهایلۆڤیچ کاریگەری لەسەر وەرزشەکەمان ده‌بێت و وڵاتەکەمان و دڵمان بۆ هەمیشە بیری ده‌كات”.

هه‌روه‌ها جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا لە توویتەر له‌ باره‌ی كۆچی دوایی میهایلۆڤیچ نووسیویه‌تی “تۆ وەک شێرێک لە یاریگه‌ و لە ژیاندا جه‌نگایت، نموونە بوویت و ورەت بە زۆر کەس بەخشی، کە بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن، تۆ هەمیشە براوەیت”.

سێنسیا میهایلۆڤیچ یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی خولی ئیتالیا لە نێوان ساڵانی 1992 بۆ 2006، کاتێک یاریی بۆ یانه‌كانی رۆما، سامپدۆریا، لازیۆ و ئینتەرمیلان کرد، دواتر بووه‌ راهێنه‌ر و مه‌شقی چه‌ند یانه‌یه‌كی وه‌ك بۆلۆنیا کەتانیا، فیۆرێنتینا، میلان، سامپدۆریا، تۆرینۆ و سپۆرتینگ لیشبۆنای پۆرتوگالی له‌ ئه‌ستۆ گرت، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ 2012-2013 راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی سڕبیا بوو.