بەسەر شۆفڵەکەیەوە دەکوژرێت

+964
مەجید بیتوێنی -راپەڕین

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، هاوڵاتییەکی شاری قەڵادزێ بەناوی (شوانە محه‌مه‌د)، کە شۆفڵی پێ بووه‌، لە رێگه‌ی چوونە سەرکار دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولە و گیان لەدەست دەدات.

هاوڵاتییەكه‌ لە لەکارگەیەکی سەر زێی بچووک کاری کردووه‌، لە هەمان کاتدا پیشەی پێشمەرگەیە.

کەسێکی نزیکی کوژراوەکە بە 964+ی راگەیاند: “کوژراوەکە شۆفڵی پێ بووە، لە کاتی چوونی بۆ سەر کار لە چەمی خاس کوژراوە، تەرمەکەشی ئێستا لە نەخۆشخانەی قەڵادزێیە”.

وتیشی: “ئەو دوژمنایەتی لەگەڵ هیچ کەس نەبووە و تا ئێستا نازانرێ بۆچی کوژراوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بکەن”.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە 964+ راگەیاند: “بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو هاوڵاتییە شۆفڵی پێ بووە، لە رێگه‌ی چوونە سەرکار، بە چەکی کڵاشینکۆف دەستڕێژی لێ کراوە و بەو هۆیەشەوە بەسەر شۆفڵەکەیەوە کوژراوە، شوێنەواری دوو فیشەک بەسەر جەستەیەوە هەیە”.

بە گوێرەی زانیاریەکانی پۆلیس، هاوڵاتییەكه‌ دانیشتووی گەڕەکی ئیمام قاسمە لە شاری قەڵادزێ، پێشمەرگەیە لە لیوای ٧ی وەزارەتی پێشمەرگە.