خۆری ئەپی مەسنجەر بەرەو ئاوابوون دەچێت
964+
عادل کانەبی
کۆمپانیای مێتا بەم نزیکانە ئەپی مەسنجەر لایت، لە گووگڵ پلەی لادەبات و بڕیارە بە یەکجاری کۆتایی بە خزمەتگوزارییەکانی بهێنێت.
بەکاهێنەرانی مەسنجەر لایت بەم دواییە، نامەیەکیان لە فەیسبووکەوە بەدەست گەیشتووە کە داوایان لێکراوە ئەپی مەسنجەر بەکاربهێنن لە بری مەسنجەر لایت و بەردەوامبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەپی مەسنجەر لایت لە گووگڵ پلەی رەشکراوەتەوە و لە دوای 18ـی ئەیلول بە تەواوەتی لەکار دەکەوێت و بەکارهێنەران ناتوانن بەکاری بهێنن.
وتەبێژی کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، لە 21ی ئابی ئەمساڵەوە پەیام بۆ بەکارهێنەرانی Messenger Lite نێردراوە و ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کە ئێستا دەتوانن ئەپی FB لایت لە بری مەسنجەر لایت بەکاربهێنن.
کۆمپانیای مێتا کە پێشتر بە فەیسبوک ناسرابوو، لە ساڵی 2016 مەسنجەر لایتی بۆ بەکارهێنەرانی ئامێرە زیرەکەکانی سیستمی ئەندرۆید خستووەتە بەرکار، ئەو ئەپەی مێتا ئەرکی ناو بەرنامەی “Messenger” دابین دەکرد بەجۆرێکە کە تەنیا بڕێکی کەم لە میمۆری و بڕێکی کەمتر لە هێزی پرۆسێسەرەکەی مۆبایلەکەی بەکاردەهێنێت.