زستان و هاوینیان نییە؛ سیروان خۆت بگرە و هاتم
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ڤیدیۆ
ژمارەیەک گەنج لە قەزای کەلار تەنانەت بە زستانیشدا، هەفتەی یەک رۆژ بەیانی زووەکەی، دەچنە سەر رووباری سیروان و مەلەوانی دەکەن.
بە قسەی خۆیان، هاوینان هەموو رۆژێک دەچن بۆ مەلەکردن لەو رووبارە، بەڵام زستانان کەمیدەکەنەوە بۆ هەفتەی یەک رۆژ.
کاتژمێر 6:10ی بەیانیە، ھەڤاڵ ئیبراهیم یەکێکە لە گەنجەکان، ئەو لەگەڵ ھاوڕێکانی بەڕێدەکەوێت بۆ سەر رووباری سیروان لە کەشێکی سارد مەلەوانی دەکەن.
ئەوان وا راھاتوون گوێنادەن بە گەرمای ھاوین و سەرمای زستان.
دوای گەیشتنیان بۆ رووباری سیروان و ھەواڵپرسینی یەکتری، خۆیان دەگۆڕن و بەدەم ھاوارکردن و دەربڕینی خۆشی پێکەوە خۆیان ھەڵدەدەن بۆ ناو ئاوەکە و دەست بە مەلەوانی دەکەن.
هەڤاڵ بۆ 964+ی باسکرد، ژمارەیان نزیکەی 10 کەس دەبێت، دەمێک ساڵە ئەم کارە دەکەن.
مەریوان حەسەن یەکێکی ترە لە گەنجەکان، کە پیشەی مامۆستایە ، ئەو دەڵێت، “جگە لە لایەنە وەرزشی و تەندروستییەکەی دڵیان بەوە خۆشە کە ھەموو رۆژانێکی ھەینی یەک دەبینن و کاتێکی خۆش بەسەردەبەن لەگەڵ ھاوڕێکانیان.
ئەوان ھەندێک جار لەلایەن ھاوڕێکانی دیکەیان و خێزانەکانیانەوە توشی توانجلێدان و گاڵتەپێکرن دەبنەوە لەسەر ئەم کارەیان، بە وتەی خۆیان، حاجی ساماڵ بەشداربوویەکیانە و گێڕایەوە و وتی، “ھەندێک لە ھاوڕێکانمان باوەڕمان پێناکەن کە بەم وەرزی سەرمایە بەم شێوەیە دێینە سەر رووباری سیروان بۆ مەلەکردن”.
ئەم گەنجانە باوەڕیان وایە ھەرکەس بەو شێوەیە لە ئاوی سارد مەلەبکات، ئەوا دوور دەبێت لە پەتا وەرزییەکان و نەخۆشیی.
سابیر عەزیز، هاوڕێیەکی دیکەیانە و یاریزانی تۆپی پێیە، ئاماژەی بەوە کرد، “ھیچ وەرزشێک وەک مەلەکردن نییە و سوودی زۆری لێبینیوە لە رووی تەندروستیەوە، لە ماڵەوەش ھەر بە ئاوی سارد خۆم دەشۆم”.
ئەوان پاش ھاتنەدەرەوە لە ئاوەکە لە دەوری ئاگرێک کۆدەبنەوە و خۆیان گەرمدەکەنەوە، دواتر ھەر لە تەنیشت ئاگرەکە سفرەیەک رادەخەن و ھەموان پێکەوە بە دەم قسەی خۆش و پێکەنینەوە نانی بەیانی دەخۆن و دواتر بەڕێدەکەونەوە بەرەو ماڵەوە. رووباری سیروان لە باکوری دەربەندیخانەوە درێژدەبێتەوە و لە بەشی رۆژئاوا بە قەراغی کەلار دەڕوات، کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە.