کچە کوردێک و فەرەنسیەک شانۆگەریەک لەبارەی جینۆساید پێشکەش دەکەن
964+
پەرستۆ ساڵح
بڕیارە مۆنۆدرامای شانۆیی “سەلمە” نمایشبکرێت، یەکەم وێستەگەیان کەرکوک دەبێت و باس لە جینۆسایدی گەلی کورد دەکات، دوو ئەکتەر رۆڵەکە دەبینن یەکێکیان کوردە ئەوەی دیکە فەرەنسییە.
مۆنۆدرامای سەلمە لەلایەن گروپی شانۆی هەوار بەرهەمدێت، دڵشاد نەجم دەقەکەی نووسیوە و نەژاد نەجم کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، دوو مانگە راهێنان دەکەن، ناوەرۆکی مۆنۆدراماکە باس لە کارەساتی گەورەی ئەنفال و کیمیاباران و کۆچی کوردان دەکات.
نەژاد نەجم تایبەت بە 964 وتی، “شانۆی مۆنۆدرامی شێوازێکی تاک ئەکتەریە، بەڵام ئێمە بە تەکنیکێکی جیاواز گۆڕیومانە بۆ دوو ئەکتەری کچ، یەکەمیان هەوار فارس خانمە ئەکتەری کوردە و دووەمیان Aurelie lmpert خانمێکی فەرەنسیە، چیرۆکەکەی لە راستییەوە وەرگیراوە و پێنج چیرۆکی ئەنفال و دوو چیرۆکی هەڵەبجەی تێدایە و باس لە خانمێک دەکات کە لەو سەردەمە ئەو ئازارانەی دیووە”.
مۆنۆدراما تەکنیکێکی هونەری شانۆگەرییە و زۆربەیجار لەلایەن یەک ئەکتەرەوە سەرجەم چیرۆکەکە باس دەکرێت.
964 دەزانێت ئەم شانۆییە لە پێنج ناوچەی جیاوازی کوردستان نمایش دەکرێت، وەک هەڵەبجە، بارزان، سلێمانی، چەمچەماڵ و کەرکوک، ئەو شوێنانەی بۆ نمایشەکە هەڵبژێردراون مێژووین و جینۆسایدی کورد تێیاندا روویداوە نمونەی ئەمنەسورەکە.
مۆنۆدراماکە لەژێر چاودێری وەزارەتی رۆشنبیریە و بڕی پێنج ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، 20 رۆژ بەر لە وادەی نمایش ئەکتەرە فەرەنسیەکەش دێتە کوردستان.
دەرهێنەری مۆنۆدراماکە باسی لەوەشکرد، کە پلانیان هەیە بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بکەن و بانگهێشتیان لە چەندین وڵاتەوە بۆ هاتووە لەوانە کۆریا و میسر.