گورگ چەندین سەر بزنی لەناو برد

964+
ئاسۆ وەرتێ – سۆران

لە گوندی سەرانی سەر بە قەزای رواندز، گورگ چەند سەر بزنێکی ئاژەڵدارێکی لە ناوبرد، ئاژەڵدارەکەش ده‌ڵێت ئەمە یەکەم جار نییە و بەردەوام بەهۆی هێرشی گورگەو زیانمان پێدەگات.

رووداوه‌كه‌ شه‌وی رابردوو روویداوه‌، محەمەد جەمال، كه‌ ئاژەڵداره‌كه‌یه‌، بە 964+ی وت، دوای ئەوەی ئێوارە بزنەکانم لە چیا گەڕاندە ماڵەوە، بەهۆی تەمومژەوە بەشێک لە بزنەکانم ون کرد، کە ژمارەیان 40 سەر بوون، سەرەتا هەستم بە ونبوونیان نەکرد، تا بەیانی، کاتێک بەدوایاندا گەڕام لە شاخێک خۆیان حەشار دابوو لە ترسی گورگ، بەڵام گورگەکە چووبووه سەریان و 11 سەری لەناو بردبوون، دوو سەریشی بریندار کردبوو.

وتیشی، تا ئێستا چەند سەر بزنێک دیارنین و لە ترسی گورگ لە شاخ ماونەتەوە بۆیە هەر بەدوایاندا دادەگەڕێم.

ئاژەڵدارەکە باسی لەوە کرد، ئەم ساڵ دووەم جارە گورگ هێرش دەکاتە سەر مەڕوماڵاتیان.

ئەم ساڵ دووەم جارە گورگ هێرش دەکاتە سەر مەڕوماڵاتیان

محه‌مه‌د جه‌مال ده‌ڵێت “جاری پێشوو پێمان زانی و تەنیا یەک دانەی بریندار کرد، گورگ بەردەوام مەترسییە بۆ سەر ئاژەڵدارەکانی گونده‌كه‌مان، چونکە ژمارەیەکی زۆر بزن، کە دەگاتە نزیکەی 1500 سەربزن، لە گوندەکەماندا هه‌ن”.

گوندی سەران دەکەوێتە قەزای رواندز، 25 خێزان له گوندەکەدا دەژین و ژمارەی دانیشتوانی 114 کەسن، بژێوی ژیانیان لە سەر ئاژەڵداری و کشتوكاڵه‌.