توونێلی دەربەندیخان کرایەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

 دوای نزیکەی دوو مانگ و نیو، توونێلی دەربەندیخان لە مەراسیمێکدا بە رووی شۆفێراندا کرایەوە. هاتووچۆی دەربەندیخان دەڵێت؛ توونێلەکە چارەسەری کێشەی رێگەوبانی دەربەندیخان ناکات.

سەرەتا بڕیار بوو لە ماوەی مانگێکدا کاری نۆژەنکردنەوەی توونێلەکە تەواو بکرێت، بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ و نیو ئەمڕۆ هەینی توونێلەکە لە لایەن قوربانیانی هاتووچۆوە کرایەوە.

جاسم محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دەربەندیخان بە 964+ـی وت: توونێلەکە بە شێوەیەکی مۆدێرن و جوان نۆژەن کراوەتەوە و کێشە و گرفتەکانی چارەسەر کراون.

توونێلەکە بە شێوەیەکی مۆدێرن و جوان نۆژەن کراوەتەوە

بە وتەی ئەو، نۆژەنکردنەوەکە پێک هاتووە لە پڕکردنەوەی کوون و کەلێنی توونێلەکە بە تەواوەتی، دانانی بۆریی بۆ ئەو شوێنانەی کە ئاوی لێ دەڕۆیشت و زیادکردنی مەنهۆڵ وەکو دەرچەیەک بۆ رۆشتنی ئاو، دانانی رووناکی لە سەقفی تونێلەکە بە شێوازێك کە ئۆتۆمبێل پێویستی بە رووناکیی خۆی نەبێت، هەروەها قیرتاوکردنی دووبارەی ناو توونێلەکە.

سلێمان سەعید، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کاتی کردنەوەی تونێلەکەدا رایگەیاند: پێویستمان بەوەیە رێگەکانی دیکەشمان بۆ چاک بکرێت تا رێگە لە کەمکردنەوەی قوربانیانی هاتووچۆ بگرین.

دەشڵێت؛ بوودجەی نۆژەنکردنەوەکە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دینار بووە.