گرانبوونی دۆلار کاریگەری بەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان نەبووە
+964
فەهمی نەبی – هەولێر
تا دێ نرخی دۆلار زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەڵام کاریگەری بەسەر نرخی کاڵاکان نەبووە. ئابووریناسێک دەڵێ؛ ئەم دۆخە کاتیە و کاریگەری لەسەر بازاڕ نابێت.
ئەمڕۆ ١٥ـی کانونی یەکەم، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی بۆرسەی کوردستان بەرانبەر ١٥٢ هەزارو ١٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە دوو هەزار دینار بەهایەکەی بەرانبەر بە دینار بەرز بووەتەوە.
شێخ نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی پێ ی وتین: “ئەوەی لەم چەند رۆژە رویدا دۆخیکی تایبەت بوو بە بانکی مەرکەزی عێراقی، وا بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بانکی مەرکەزی پارەی زیاتر بخاتە بازاڕەوە، نرخی دۆلار دادەبەزێ. بۆیە پێشبینی ناکەم نرخی کاڵا و شتومەک بەرز بێتەوە”.
هەر ئەمڕۆ، بانکی ناوەندی عێراقی لە نوسراوێکیدا کە واژووی مستەفا غالب مخەیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقی لەسەرە تیایدا هاتوە، بڕیاردراوە بە دابەزاندنی بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بۆ ١٤٥ هەزارو ٥٠٠ دینار.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە کە لە بازاڕیشدا بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزارو ٥٠٠ دینار، مامەڵەی پێوەبکرێت.
د. نەوزاد موحەمەد سەرۆکی رێکخراوی دووربین بۆ پرسە ئابورییەکان دەڵێت؛ ئەم دۆخە کاتیە و کاریگەری لەسەر بازاڕ نابێت، نرخی کاڵا بەرز نابێتەوە، بۆیە پێشبینی دەکەم هەفتەی داهاتوو نرخی دۆلار دابەزێت”.