لە ئاودا دیارنەماوە و خانەوادەکەی خێمەیان هەڵداوە بۆ دۆزینەوەی
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
پێنج رۆژە هاوڵاتیەک لە ئاوی داقوقدا دیارنەماوە و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و خانەوادەکەی گومان دەکەن خنکا بێت، خێمەیان هەڵداوە تاوەکو دەیدۆزنەوە.
هاوڵاتیەکە تەمەنی 47 ساڵە و دانیشتووی قەزای داقوقە، خاوەنی حەوت منداڵە، کۆتا جار لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەناو ئاوی داقوقدا بینراوە.
دوای هەوڵدان و گەڕانێکی زۆر نەتوانراوە بدۆزرێتەوە بڕیارە هەر ئەمڕۆ تیمێکی غەواز لە تەقتەقەوە بگەنە داقوق بۆ گەڕان بەدوای تەرمەکەدا.
زانا بەکر ئەندامێکی تیمی غەواسی تەقتەق بە 964ـی وت، “ئێمە چاوەڕوانین ئاستی ئاوەکە دابەزێت بۆ ئەوەی بگەینە شوێنەکە بۆ دەرهێنانی تەرمی ئەو هاوڵاتیە”.
وتیشی، کاتژمێر 12ـی شەوی رابردوو لەلایەن تیمی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکوک لە سەرچاوەی سەرەکی قەزای دوبزەوە ئاوەکەیان گرتووەتەوە بە مەبەستی کەمکردن و دابەزینی ئاستی ئاوەکە بۆ ئەوەی بەئاسانی بتوانرێت بدۆزرێتەوە.
کەسوکاری هاوڵاتیەکە ماوەی چوار رۆژە خێوەتیان هەڵداوە و دەڕواننە ئاوەکە بەهیوای ئەوەی هەرچی زووە تەرمەکەیان بدۆزرێتەوە و رادەستیان بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی